پشووی هاوینە دەرفەتێکە بۆ باشکردنی کەموکورتییەکانی خوێندنگە

زۆر منداڵ هەن لە کاتی خوێندنگەدا باش لە وانەکان تێناگەن و دواکەوتن لە ئاستی فێربوونیان تیادا دروستدەبێت، بەڵام پشووی هاوینە دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو دواکەوتنە پەروەردەییە.

ناوەندی هەواڵ

 

پشووی هاوینە مەبەست لێی دوورکەوتنەوەیە لە فشار و سیستمی خوێندنگە و بەدەستهێنانی ئاسودەیی دەروونی و جەستەیی بۆ خوێندکار، بەڵام هەندێک لە دایکان هەست دەکەن منداڵەکانیان سیستمی پەروەردە بەس نییە بۆ فێربوونیان، هەست بە کەمی فێربوونیان دەکەن بۆیە پلانیان بۆ دادەنێن تا لە پشووی هاویندا بەشداری خولەکانی فێربوون بکەن.

 

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زۆرینەی دایکان پشت بە ماوەی خوێندن نابەستن بۆ فێربوونی منداڵەکانیان، بەڵکو پەنا دەبەنەبەر خولی فێربوون لە پشووی هاویندا، دەیانەوێت لە ماوەیەکی کەمدا منداڵەکانیان شارەزایی زیاتر پەیدا بکەن.

 

پزیشک رلا ئەبوبەکر، ئاماژە بەوەدەدات، خوێندکار کاتێک لە فێربوونی خوێندنگە دوادەکەوێت دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی پەورەردەی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و دواجار کار دەکاتە سەر فێربوونی منداڵەکانی دیکە، دواکەوتن لە فێربوونی ئەکادیمیدا وەک ئاستێکی نزم لە دەستکەوتە ئەکادیمییەکاندا بە بەراورد بە هاوتەمەنەکانی خۆی پێناسە بکرێت، کە هاوتەمەنەکانی ئاستێکی ئاساییان هەیە، بەڵام ئەم خوێندکارە لە ڕووی توانای دەروونی و پلەکانی ئەکادیمییەوە دواکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و حاڵەتی تایبەتی هەیە، ئەمەش چەند هۆکاریکی هەیە وەک نەبوونی سەرن و گەشەی نا تەندروست لە مێشک و جەستەدا.

 

ئەو پزیشکە خولی هاوینەی بە ڕێگە چارەسەری زانی بۆ ئەو خوێندکارانەی گەشەی ئەکادیمیان دواکەتووە، دەشڵێت: تەواو لە دۆخی دەروونی خوێندکار تێناگەین کە ئاستی چالاکییەکەی دیاری دەکات، زۆرینەی توێژینەوەکان دەریانخستووە دڵەڕاوکێ یەکێکە لەو هۆکارانەی کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵەکە دروستدەکات، بەڵام ئەرکی مامۆستایە بزانێت ئاستی خوێندکارەکانی چۆنە بۆ ئەوەی شوێوازی وانە وتنەوەکانی بە پێی تواناکانیان بگۆڕێت".

 

 

"دۆخی خێزان کاریگەری لەسەر فێربوونی منداڵ دەکات"

یەکێک لەو هۆکارانەی کار دەکەنە سەر ئاستی فێربوونی منداڵان لەناو خوێندنگەدا جێگیربوونی دۆخی خێزانەکانیانە، بە جۆرێک تا خێزان سەقامگیر نەبێت منداڵ دۆخی دەروونی جێگیر نابێت هەروەها ئەو ڕەفتارانەی بەرامبەر بە منداڵەکە ئەنجام دەدرێت لەناو خێزان دووبارە کاریگەری لەسەر ئاستی فێربوونی دەکات.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پسپۆڕە بە پێویستی دەزانێت  کە پشووەکانی هاوینە بە شێوەیەکی باش و بەرهەمدار بۆ منداڵان بەکاربهێندرێت، دایکان و باوکان پلانیان هەبێت بۆی بە جۆرێک فێربوون و بەسەربردنی کاتیشی تێدابێت.

لە پشووەکاندا زیاتر هەوڵ بدرێت دایک و باوک گرنگی بە هۆکاری دواکەوتنی منداڵەکانیان بدەن، هەوڵ بدەن خوێندکاران و منداڵەکانیان لە ڕووی دەروونیەوە پێشبخەن، بۆ ئەوەی تواناکانیان دەربکەوێت زیاتر گەشە لە فکر و فێربوونیان ڕووبدات.

 

ئامۆژگاری دایکان و باوکانیش دەکات، پشتیوانی منداڵەکانیان بکەن سەرنج بخەنەسەر هێز و تواناکانیان، هانیان بدەن بەرەو سەرکەوتن، ڕێز لە توانا و کارامەییەکانیان بگرن، هەرکات منداڵەکانیان جۆرێک لە دواکەوتنیان تێدابوو سەرزەنشتیان نەکەن، بەڵکو هەوڵی دۆزینەوەی هۆکار و بەدەستهێنانی ڕێگە چارەسەری بدەن.