ڕێپێوانی مەودا درێژی گەنجان دەستیپێکرد

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان و شەرمەزارکردنی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕێپێوانێکی مەودا درێژ لە شاری قامیشلۆوە بەرەو دێرک بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد.

قامیشلۆ

 

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەل و خاکی کوردستان، گەل بەردەوام بە چالاکی جۆراوجۆر ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکات، بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "لە دژی خیانەت و داگیرکاری، وەرن بۆ جەنگی ئازادی" ڕێپێوانێکی مەودا درێژیان لە قامیشلۆوە بەرەو دێرک دەستپێکرد.

 

لە ڕێپێوانەکەدا هەزاران گەنج و دانیشتووی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەشداربوون و دروشمەکانی "بژی بەرخۆدان" و "بمرێ خیانەت"یان دەوتەوە.

 

سەرەتای ڕێپێوانەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕۆبین ئەلعەلی، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، هێرشی داگیرکاری و وێرانکاری لە دژی کۆمەڵگا و وڵاتەکەمان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە هاوکاری پەدەکە ئەنجام دەدرێت، ئەم هێرشانە بە پیلان و پشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای لەناوبردن لە سەرانسەری کوردستاندا بەڕێوەدەبرێت.

 

ئەو ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج وتیشی: بەرخۆدان لە دژی چەمکی قڕکردن بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت، دیسان لە کەسایەتیی گەریلاکانی ئازادیدا بەرخۆدان بۆ سەر خاکی کوردستان درێژەی هەیە، لە دژی ئەو هێرشانەی کە هەموو چەکە قەدەغە کراوەکان و چەکی کیمیایی لەسەر گەلی کورد بەکاردێت تێیدا، گەل و گەریلا بە ڕۆحی تێکۆشان بەرخۆدانی دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا ئەرکی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانەی ئێمەیە کە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا بوەستینەوە و بە دروشمی "دژی خیانەت و داگیرکاری، وەرن بۆ جەنگی ئازادی" هێڵی تێکۆشان بەهێز بکەین.

 

دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە، هاوڵاتیان دەستیان بە ڕێپێوان کرد تا تربەسپی، سبەینێش ڕێپێوانەکە لە تربەسپی تا گرگێ لەکێ بەردەوام دەبێت.