مریەم ئەلرکابی: پشتیوانم بن بۆ سزادانی تاوانباری وێرانکردنی ژیانم

مریەم ئەلرکابی کە ساڵی پار لەلایەن تاوانبارێکدا لە ماڵەکەی خۆیدا بە تێزاب دەموچاوی سوتێنرا، داوای پاڵپشتی دەکات بۆ بە سزا گەیاندنی تاوانبار کە ئەمڕۆ دادگایی دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

مریەم ئەلرکابی، خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان، لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا لە ماڵەکەی خۆیدا لە شەقامی فەلەستینی شاری بەغدای پایتەختی عێراق لەلایەن کەسێکی دەمامکدارەوە هێرش دەکرێتە سەری و بە تێزاب دەسووتێنرێت و تەلەفونەکەشی دەدزرێت.

 

١٦ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق سەبارەت بە هێرشکردنە سەر مریەم ئەلرکابی ئاماژەی بەوەدا کە کەسوکاری مریەم لە بنکەی پۆلیس سکاڵایان لە دژی "ع. ق. و." و هاوڕێکەی بە ناوی "ع. هـ" کردووە، بەپێی فەرمان دەستگیرکراون، بەڵام ئەنجامدانی تاوانەکەیان ڕەتکردووەتەوە، دادوەر ئاماژەی بەوەشدابوو کە بەڵگەکان کۆدەکرێتەوە و ڕەوانەی یەکەی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی تاوانەکانی بەغدا دەکرێت.

 

ئەمڕۆ ٣٠ی ئایار لە دادگای تاوانەکانی رەسافە لە شاری بەغدا، دادگاییکردنی تاوانباران بەڕێوەدەچێت و مریەم ئەلرەکابی داوای کردووە کە پاڵپشتی بن و دەڵێت: "بۆ هاوڕێ و خۆشەویستانم، داوادەکەم پاڵپشتم بن و پشتیوانیم بکەن بۆ داواکردنی سزا بۆ ئەو تاوانبارانەی هۆکاری ئازاردانی ڕۆح و وێرانکردنی ژیانم بوون".