شەپۆلی خۆڵبارینی چڕ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت

شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وعێراقی گرتووەتەوە و مەودای بینین بۆ ٣٠٠ مەتر کەمی کردووە، بەپێی زانیارییەکانیش لە ئێوارەدا شەپۆلی خۆڵبارینەکە کەم دەکاتەوە و مەودای بینین زیاد دەبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و مەودای بینین بۆ ٣٠٠ مەتر کەمی کردووە، بەو هۆکارەش بۆ ماوەیەکی کاتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەشتەکانی ڕاگرتووە تا کاتی ئاسایبوونەوەی کەشوهەوا.

 

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "به‌هۆی ئه‌و شەپۆلی خۆڵبـارینەی عێراق و ناوچەکانی هه‌رێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی گرتووه‌ته‌وه و بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی مەوداى بینین، لە ئێستادا گه‌شته‌کان لە فڕۆکه‌خانه‌کەمان بۆ ماوه‌یەکی کاتی ڕاگیراوە و لەکاتی ئاساییبوونەوەى ڕەوشى کەشوهەوا و کۆتایهاتنى شەپۆلی خۆڵبارینەکە گەشتەکان ئاسایی دەبنەوە".

 

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی شاری سلێمانی پێشبینییەکانی خۆی بۆ کەشوهەوا ڕاگەیاند کە لە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دوو شەممە،  ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت لەگەل بوونی تۆز و خۆڵێکی بەهێز، لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری  خۆڵبارینە کەم دەبێتەوە،، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ مەوداى بینین ٣٠٠ مەتر دەبێت، پاشان لە کاتەکانی ئێوارە بەرز دەبێتەوە بۆ ٤-٦ کیلۆمەتر.

 

لە بەشێک لە شارەکانی عێراق بەهۆی کاریگەری چڕی خۆڵبارینەوە دەوامی فەرمی بەشێک لە دامودەزگاکان ڕاگیراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەشناسی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا کە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە.