"ئێمەی ژنان بە خۆڕێکخستن وەڵامی داگیرکارییەکان دەدەینەوە"

دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان ژنانی ڕانیە نارەزایەتییان نیشاندا و پەدەکەیان بە هاوکاری تورکیا پێناسەکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ لەناو باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ژنان گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە تێیدا ئاماژەیان بەوەدا سەرەڕای هێرشە بەرفراوانەکەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان، گەریلاکانی ئازادی بەرخۆدان دەکەن و شکستیان بە هێرشەکان هێناوە.

 

هێلین حسێن، ژنێکی گەنجە و بەیاننامەی ژنانی خوێندەوە تێیدا هاتووە، "پێویستە ئێمەی کورد بەتایبەت ژنان ھەڵگری ئەو ئامانجانە بین کە گەریلاکان لە پێناویدا دەجەنگن، چونکە ئەو بەرخۆدانەی گەریلا شۆڕشێکی دیموکراتییە بۆ پاراستنی خاک و ھەبوونمان، داوا لە سەرجەم لایەنەکانی هەرێمى کوردستان دەکەین چیتر بێ ھەڵوێست نەبن بەرامبەر ئەو داگیرکارییانەى تورکیا بۆسەر هەرێم و نەبنە دەستی خیانەت و ھاوکاری دووژمن نەکەن، چونکە ئەگەر دەستی خیانەت لە کوردستان نەبێت ھەرگیز دووژمن ناتوانێت بگات بە ئامانجەکانی خۆی."

 

ژنانی ڕانیە داوا لە هەموو ژنان دەکەن، دەبێت ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر ڕەھەندی قڕکردنی خاک و خاسیەتى ژن و ژینگە پێکەوە ببینن، لە ڕێگەی بەرخۆدان و خۆڕێکخستن وەڵامی ئەو داگیرکارییانە بدەنەوە.