ژنان: وەرن و بەشداری ڕێپێوانەکان بن دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا

سبەی شەو ژنان لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی دەڕژێنە شەقامەکان و بانگەوازی لە ژنانی دیکە دەکەن بەشدار بن و ئیدانەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بکەن.

سلێمانی

 

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە، لە ١٧ی نیساندا بە بۆردومانی ناوچەکانی ئامێدی، دێرەلوک، شیلادزێ و چیای کورەژارۆ دەستیپێکرد، ماوەی ٦ ڕۆژە شەڕێکی سەخت بەردەوامە، بەپێی دواین ئامارەکانی شەڕ، کە هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە بڵاویکردووەتەوە، لە شەوی ١٧ی نیسانەوە هەتا شەوی ٢٢ی نیسان، ٢٠٥ سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین، کوژراون.

 

هەروەها لە ئامارێکی نوێتردا ئەمڕۆ لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین ٢٩ سەربازی دیکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، کوژراون و ١٠ی دیکەش برینداربوون، درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە و سێ هێلیکۆپتەریش پێکراون.

 

بڕیارە سبەی شەو، ٢٤ی نیسان کاتژمێر ٨:٠٠ بە پێشەنگایەتی دەستپێشخەری ژنانی باشوری کوردستان، لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی ڕێپێوانی ژنان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هێڵی خیانەت بەڕێوەبچێت.

 

هەرێز ئەحمەد و شەیما نەبیل، دوو ژنی دانیشتووی شاری سلێمانین، ناڕەزایەتی خۆیان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەردەبڕن، بانگەوازی لە ژنانیش دەکەن کە بێن و بەشداری ڕێپێوانەکان ببن.