پاراستنی یادەوەرییەکان…. پەیامی گەڕانەوەیە بۆ خاکی عەفرین

ژنانی شاری عەفرینی داگیرکراو لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا یادەوەرییەکانی خاک و ماڵەکانیان هەڵگرتووە و تا ئەمڕۆش دەیپارێزن و لە مافی گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان دڵنیایان دەکەنەوە.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- ژنانی شاری عەفرینی داگیرکراو لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا یادەوەرییەکانی خاک و ماڵەکانیان هەڵگرتووە و تا ئەمڕۆش دەیپارێزن و لە مافی گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان دڵنیایان دەکەنەوە.

 

لەگەڵ کۆچکردنی زۆرەملێی خەڵکی شاری عەفرین لەلایەن داگیرکارییەکانی تورکیاوە لە ١٨ی ئاداری ساڵی ٢٠١٨ و هاتن و نیشتەجێبوونیان لە کانتۆنی شەهبا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژنان زۆر شت دەهێڵنەوە کە لە شارەکەوە لەگەڵ خۆیان هێناویانە و پاراستوویانە بۆ ئەوەی وەک یادگارییەک بمێنێتەوە کە خۆراکی ڕۆحی و یادەوەرییەکانیان بە ماڵەکانیان دەدات.

 

" بێسوود دیارە بەڵام مانا و پەیامێکی بەهێزیان لە دژی داگیرکاری هەیە "

هاجەر حەسەن، تەمەن ٥١ ساڵ، خەڵکی گوندی قەنتەرە لە ناحیەی مۆباتای کانتۆنی عەفرین، باسی ئەو ڕۆژانەی کرد کە لەو شارەدا ژیاوە کە هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو بەرخۆدانەی کە گەلەکەی کردوویانە دژی داگیرکارییەکان، بەڵام بەهۆی فشارەکانەوە ناچاربوون شاری عەفرین بەجێبهێڵن و بەرەو شەهبا هەڵبێن.

 

دەڵێت: "ژنانی عەفرین بەوە ناسرابوون کە خاکەکەی خۆیان خۆشدەوێت و وابەستەبوون پێیەوە، هەروەها لەپێناو پاراستنی ئەو خۆشەویستییەدا زۆریان بەخشیووە، ئەمەش لەڕێگەی ئەو ژنانەوە دەردەکەوێت کە ئەو کەلوپەلانەی لە عەفرینەوە هێنایان بۆ شەهبا تا ئێستا لەلایە خۆیان پاراستوویانە."

 

وە جەختی لەوە کردەوە کە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و دوورکەوتنەوە لە خاکەکەیان، خۆشەویستییەکەی و ڕادەی وابەستەیییەکەی کەم نەکردوەتەوە و وتی: "ئەو شتانەی کە من هێشتمەوە و لە عەفرینەوە هێنابووم بۆ شەهبا کە بۆنی خاکی زەیتونیان لێدێت، شتگەلێکن کە ڕەنگە لە فۆرم و بەهای ماددیدا سادە بن، بەڵام بۆ من هەڵگری مانای زۆرن."

 

وە سەبارەت بە هەندێک لەو شتانەی کە تا ئێستاش هەڵیگرتووە، وتی " ئەو جلەی کە ئێستا لەبەری دەکەم، وەک ئامادەکارییەک بۆ جەژن و بۆنە نیشتمانییەکان کە دەکەونە مانگی ئادارەوە دوریم، کە بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکە نەمانتوانی لەبەریبکەم، بۆیە ئەم جلە یەکێک بوو لەو شتانەی کە من لەگەڵیدا لە شارەکەم هاتمە دەرەوە، هاوکات بەشێکە لە میرات و کولتووری ژنان لە عەفرین."

 

هاجەر حەسەن وتیشی: " ٥ ساڵ بەسەر ئەو جلوبەرگانەدا تێدەپەڕێت، ئەمەش وایکردووە کە کۆن دیاربن، ئەوەی وای لە زۆرێک لە کەسەکانی دەوروبەرم کردووە وا هەست بکەن لەبەر هەژاری لەبەریدەکەم، بۆیە هەوڵ دەدەن هەندێک جلوبەرگی نوێم پێشکەش بکەن، بەڵام دوای ئەوەی چیرۆکەکە دەبیستن و گرنگی و ماناکەی بۆ من دەزانن، قەدری دەزانن و کاریان تێدەکات."

 

ڕوونیشیکردەوە، "ئەم شتە سادەیانە جێگەی ئەو ماڵ و موڵکانە ناگرنەوە کە بەجێمان هێشتووە، بەڵام ئەوە دوا یادەوەرییەکانمانە لە عەفرین، ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە و ئەم شتانە دەهێڵینەوە تا ئەوکاتەی سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنین و عەفرین لەدەستی داگیرکاری ئازاد دەکەین".

 

حەیات پریم، تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی گوندی حاجیکۆی سەر بە ناحیەی ڕاجۆ لە کانتۆنی عەفرین، ئەو سات و بارودۆخانەی بەبیرهێنایەوە کە دانیشتوانی شارەکە لەگەڵ هێرشەکانی داگیرکاری تورکیا تیایدا ژیاون و دەڵێت، " لەگەڵ لێدانی فڕۆکە جەنگییەکان، کە بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە فڕینی بەسەر ناوچەکەدا نەوەستا، زەوی دەلەرزی و هەموو شتێک لە دەوروبەرمان لەناو دەچوو".

 

ئەو ژنە دووپاتی کردەوە کە هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکان ناچاریان کردووە بە زۆر گوندەکەیان بەرەو ناوەندی قەزاکە بەجێبهێڵن، ترسیان لەسەر هەبووە و دەڵێت " سەرەڕای ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە لە نێوان شەڕی بەردەوامی ناوچەکەدا تووشی بووین، و ترسم لە ژیانی منداڵەکانم، دەرگاکەم لە پشتمەوە داخست و دەستبەرداری کلیلی ماڵەکەم نەبووم و لەگەڵ خۆم هێنام."

 

حەیات پریم کۆتایی بە قسەکانی هێنا و ئاماژەی بەوەدا کە داگیرکاری تورکیا ناتوانێت ئیرادەی خەڵکی شاری عەفرین بە گشتی و ژنانی بە تایبەتی تێکبدات، پێداگرییان لەسەر هێشتنەوەی ئەو شتانە شتێکی ڕوونە پەیامێک بۆ داگیرکەری تورکیا سەبارەت بە قەبارەی ئیرادەیان.