نێرگس محەمەدی: لە ناو زیندانەوە شایەتحاڵی بوونی ئەشکەنجە و دەستدرێژی دەبم

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، وەڵامی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی دایەوە و وتی: من شایەتحاڵی بوونی ئەشکەنجە و دەستدرێژی لە ناو زیندانەوەدەبم.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەی بەرامبەر بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران نیشان دا، کە باسیان لەوەکردووە کە ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی ڕابردوو دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بە هۆی دەستێوەردانی تاقمە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژێمی ئێران بووە و وایکردووە دۆخەکە توندوتیژی لێبکەوێتەوە چونکە  پۆلیسی ئێران مۆڵەتی بەکارهێنانی چەکی سەربازیی نەبووە، نێرگس محمەدی بە نیشاندانی نووسراوە بڵاوکراوەکانی ئینستاگرام قسەکانی کرد.

 

" من لە ناو زیندانەوە شایەتی بوونی ئەشکەنجە و دەستدرێژی دەدەم" 

پڕوپاگەندی مافی مرۆڤی وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەلومەرجێکدا ڕادەگەیەنرێت کە خەڵکی ئێران خۆیان شاهیدی بەرفراوانترین سیاسەتی سەرکوتکەرانەی حکومەت و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤن، درۆ و پڕوپاگەندەکانی ئەمیر عەبدولحەیان ڕوون و ئاشکرایە، و پێویست ناکات بەڵگەنامە پێشکەش بکرێت.

 

لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدان و سزای قورسی زیندان لەبەردەم چاوی جیهاندا ڕوویدا، بەڵام حکومەت بێباکانە درۆ دەکات تەنانەت لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریودانی بیروڕای گشتی جیهان هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان دەدات.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێرگس محەمەدی باسی لە گواستنەوەی ژمارەیەک دەستبەسەرکراو بۆ زیندانی ئەڤین کردووە و نووسیویەتی: بناغەی سیستەم ستەم و درۆ و فێڵە، کە هەلومەرجی کۆمەڵگەی گەیاندووەتە سەختی و داڕمان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەستگیرکراوان هێنراونەتە بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین، کە تووشی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە و ئێمەش شاهیدی ئەو کاریگەرییە جەستەییانەین کە لەسەریان بەجێماوە.

 

دواهەمینیان مەهۆش شەهریاری، شاعیر و نووسەر و ئەندامی پێکهاتەی بەهایی ئێرانە، کە بە تەمەنی ٧٠ ساڵ و تێپەڕاندنی ١٠ ساڵ زیندانی، دووبارە بەبێ هیچ هۆکارێک و بەڵگەی یاسایی دەستگیرکرایەوە و بۆ ماوەی ٥ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ٢٠٩ زیندانی کرا و تووشی ئەشکەنجەی دەروونی و تەنانەت ئەشکەنجەی جەستەیی بوو و تووشی  دۆخێکی دەروونی سەخت و برینداری جەستەیی قورس بوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەم لە هەر شوێنێک شاهیدی بوونی حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجە و توندوتیژی دەروونی و جەستەیی بم