ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوونی کار کۆڵبەری دەکەن

بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆڵبەری ناچار دەکرێن  هەرچەندە نایاساییە و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ژیانیان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە.

ژوان کەرەمی

 

کامیاران-سەرەڕای زەوییە بەپیتەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرچاوە ئاوییەکان، سروشت و ئاژەڵداری، بەڵام بەهۆی هەڵئاوسانی ئابووری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چی دیکە هەلی کار و بژێوی وەک ڕابردوو نییە.

 

لە لایەکی ترەوە، بە چڕکردنەوەی پیشەسازییەکان لە پارێزگا ناوەندییەکان و پەراوێزخستنی پیشەسازییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەتی ئێران بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کاری بەسەر هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاندووە.

 

لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا، هاوڵاتیان ناچاردەبن کۆچ بکەن بۆ تاران و شارە گەورەکانی دیکە بۆ دۆزینەوەی کارێکی گونجاو، یان پەیوەندی بکەن بە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە بەشدارن لە کاری فرۆشیاری لەسەر شەقامەکان و کاری کۆڵبەری لەژێر هێرشی هێزەکانی ئێران.

 

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت و تەنانەت وێنەی ژنێک یان زیاتر هەبووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەری کردووە، بەڵام ئەم کەیسە بە جددی وەرنەگیراوە.

 

 یەکێک لەو ژنانەی کە بەشداربووە ناوی "ئ.م" ە تەمەنی ٢٨ ساڵە خەڵکی شاری کامیارانە، بۆ ئاژانسی نوژنها قسەی کرد سەبارەت بە بوونی چەندین حاڵەتی دەستدرێژی لە کاتی کۆڵبەری.

 

"کۆڵبەری زۆر قورسە"

 

ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ماوەیەک لە پاوە ماوەتەوە، چەندین کاری جیاوازی لە چێشتخانە، نانەواخانە و قاوەخانە کردووە، بەڵام مووچەکەی بەشی نەکردووە، بۆیە ناچار بووە بڕیار بدات کۆڵبەری کار بکات و وتی: "هەرچەندە کارێکی سەختە، بەڵام ماوەی نزیکەی دوو ساڵە کاری کۆڵبەری دەکەم کە ڕۆژانە دوو جار کاڵام دەهێنا، بارودۆخی دارایی خێزانەکەم خراپبوو بۆیە دەستم بەم کارەبکەم، دەمەوێت ڕۆژێک کارێکی دیکە بدۆزمەوە چونکە کۆڵبەری مەترسی زۆرە و بارودۆخی ژیان زۆر قورسە."

 

ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک شەوی بۆ ماوەی ٢٠ خولەک لەسەر پێیەکانی دەوەستێت بەبێ ئەوەی بجوڵێت و جانتایەکی قورس لەسەر شانی هەلدەگرێت، وتی: "کاتێک ئەفسەرەکانم بینی لە شوێنێک خۆمان شاردەوە، لەسەر پێیەکانم ڕاوەستابووم و بێدەنگ بووین، هەندێکیان کەوتنە خوارەوە و یەکێک لە بەشەکانی لەشی بریندار بوو، هەروەها هاوڕێیەکم لە بەرزییەکەوە کەوتە خوارەوە لە کاتی بەفربارینی زۆردا و بڕبڕەی پشتی شکا."

 

دەستدرێژی سێکسی

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ ژن دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر، "ئ.م" وتی: "ئەگەر کارگەیەک لە شارەکەمان هەبووایە، کشتوکاڵی باشمان هەبووایە، پێویستی نەدەکرد کۆڵبەری بکەین، پاسدارەکان گرنگی بە ژیانی ئێمە نادەن و ڕاستەوخۆ تەقە لە ئێمە دەکەن."

 

سەبارەت بەو کێشانەی ئێستا ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەهۆی داخستنی سنوورەکانەوە ئاماژەی بەوەکرد، کاری دروێنەی گەنم دەکات، چونکە سنوور داخراوە و کەس ناتوانێت کار بکات، لە بەیانی زوو کاتژمێر ٤:٠٠ بۆ ٢ی دوانیوەڕۆ لەژێر تیشکی خۆردا کاردەکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "هەوڵدەدات بە ویستی خۆی ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان ببێتەوەو هەرگیز کۆڵ نادات، کار دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخی سەختی ژیان و بەرگەگرتنی هەموو ئاستەنگییەکان.