کرمێکی زیندوو لە مێشکی ژنێک دۆزرایەوە

ژنێک بۆ ماوەی ساڵێک تووشی چەندین نەخۆشی دەبێت، پاش ئەوەی نەشتەرگەری بۆ دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە کرمێکی زیندوو لە مێشکیدا هەیە.

ناوەندی هەواڵ

دۆزینەوەی تیمێکی پزیشکی هەمووانی توشی سەرسوڕمانکرد، کاتێک پزیشک "هاری بریا باندی" پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و دەمارەکان لە نەخۆشخانەی کانبێرا کرمێکی زیندووی شێوە بازنەیی بە درێژی هەشت سانتیمەتر لە مێشکی ژنێکی تەمەن ٦٤ ساڵدا دۆزییەوە.

 

ئەو ژنە شەست ساڵانە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی نیو ساوس وێڵز دەژی، بۆ ماوەی ساڵێک تووشی چەندین نەخۆشی وەک لەبیرچوونەوە و لە دەستدانی زاکیرە بووە، پاشان بۆ نەخۆشخانەی کانبێرا دەگوازرێتەوە.

 

پاش ئەنجامدانی پشکنینی تیشکیی بۆیان دەردەکەوێت گرفتێک لە مێشکی ئەو ژنە هەیە و پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری هەیە.

 

پزیشکەکان بۆیان دەردەکەوێت ئەو ژنە تووشی حاڵەتێکی دەگمەن بووە و کرمێکلە مێشکیدا هەیە کە شێوەی خڕە و بە "Ophidascaris robertsi" دەناسرێت.

 

ئەو جۆری کرمە بەوە ناسراوە کە تووشی مارەکان دەبێت و ئەمە یەکەمجارە لەسەر ئاستی جیهان مرۆڤێک بەهۆی ئەو جۆرە کرمەوە توشی نەخۆشی ببێت و باری تەندروستی تێکبچێت.

 

لێکۆڵینەوە لە هۆکاری توشبوونی ئەو ژنە دەریدەخات کە ئەو ژنە لەناوچەیەک خەریکی گژوگیا کۆکردنەوەبووە کە بە نیشتیمانی مارەکان ناسراوە، بۆیە پزیشکەکان هۆشداری دەدەن هەتا مرۆڤەکان بەشێوەیەکی دروست خۆیان لەگەڵ سروشت و تێکەڵی لەگەڵیدا بگونجێنن، بەتایبەتی بۆ بەدووربوون لەو نەخۆشیانەی کە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا دەگوازرێنەوە.