سعودیە: ١٣ هەزار کەس زیاتر بە نایاسایی هەوڵیانداوە بێنە وڵاتەکەوە

دەسەڵاتدارانی سعودییە ڕایانگەیاندووە، زیاتر لە ١٣ هەزار کەسیان دەستگیرکردووە، کە ویستوویانە سنووری وڵاتەکە بەشێوەیەکی نایاسایی ببەزێنن.

 ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی دەسەڵاتدارانی سعودیە لە ماوەی یەک هەفتەدا ١٣ هەزار و ٣٠٨ کەسیان بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێساکانی نیشتەجێبوون، کار و ئاسایشی سنوورەکان دەستگیرکردووە.

 

لە ٢٠ بۆ ٢٦ی تەمموزدا، بە گشتی حەوت هەزار و ٧٢٥ کەس بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی نیشتەجێبوون دەستگیرکراون، هەروەها سێ هەزار و ٤٢٧ کەس لەسەر هەوڵی نایاسایی بەزاندنی دەروازە سنوورییەکان و دوو هەزار و ١٥٦ کەسی دیکەش بەهۆی کێشەکانی پەیوەست بە کارەوە دەستبەسەرکراون.

 

ڕاپۆرتەکە دەریخستووە لە نێو ئەو ٥٧٢ کەسەی کە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو سعودیە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراون، لەسەدا ٦٢یان یەمەنین، لەسەدا ٣٧یان ئەسیوپیا و لەسەدا یەکیان لە نەتەوەکانی دیکەن.

 

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە ڕایگەیاند، هەرکەسێک بزانرێت کە ئاسانکاری بۆ چوونە ژوورەوەی نایاسایی بۆ سعودیە دەکات، لەوانەش دابینکردنی گواستنەوە و شوێنی حەوانەوە، ئەوا زۆرترین سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بەسەردا دەسەپێنێت، هەروەها غەرامەی ٢٦٠ هەزار دۆلار زیاتری دەکات.