لە پیشانگایەکی هونەری ئازارەکانی ژنان نیشاندەدرێت

لە شاری هەولێر، بەهۆی ڕۆژی جیهانی ژنان لە پێشانگایكی هونەری بە ناوی " لە جەستەوە بۆ ڕۆح" بە ٣٠ تابلۆ و وێنە کە کاری هونەری سێ ژنە هونەرمەند بوون، چیرۆکی توندوتیژی دژی ژنان نیشاندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، بەهۆی ڕۆژی جیهانی ژنان لە گەلەری ڕەنج لە شاری هەولێر لە پێشانگایەکی هونەری بە ناوی " لە جەستەوە بۆ ڕۆح"، چیرۆکی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕێگەی ٣٠ وێنە و تابلۆوە نیشاندرا کە کاری هونەری سێ ژنە هونەرمەند بوون.

 

پێشانگاکە لە درێژەی کاروچالاکییەکانی ٨ ئادارە کە ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ڕێگەی ٣٠ تابلۆوە چیرۆکی توندوتیژی دژی ژنان و ئازارەكانیان نیشاندەدرێت، بڕیارە پێشانگاكە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامی هەبێت.

 

کارە هونەرییەکان لە ژێر ناوی " لە جەستەوە بۆ ڕۆح" نمایشکرا و چیرۆک و ئازارەکانی ژنانی لە خۆگرتبوو، پەیمان عەزیز یەکێک لە هونەرمەندانی پێشانگاکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە ڕێگەی تابلۆکانیانەوە هەوڵیانداوە توندوتیژییەکانی کە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت نیشانبدەن، هەروەها لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانیان ئامانجیان بووە کە هێز و توانای ژنان نیشانبدەن و بەرجەستی بکەن.

 

ژنانی هونەرمەندی پێشانگاکە پەیامی خۆیان بۆ هەموو ژنان دووپاتکردەوە کە پێویستە ژنانی کورد هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ و بە هێز و ئیرادەوە تواناکانیان بخەنە خزمەتی کۆمەڵگە و لە ماڵەکانیان بێنەدەرەوە و بەهرە و تواناکانیان نیشان بدەن.