لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشی گەل بەردەوامە
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش ئەو شۆڕشەی کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکرد، بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
بەرخۆدانی گشتی کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، بێ پچڕان بەردەوامە، شەوی ڕابردوو لە شارەکانی سنە، کرماشان، ورمێ، ئیلام، جوانڕۆ، مەهابد، کامیاران و چەندین شاری دیکە، خۆپیشاندەران ئاگریان لە شەقامەکان بەردا و دروشمیان دژی ڕژێم بەرزکردەوە و دووپاتیان دەکردەوە.
خۆپیشاندەران و ناڕازییان لەسەر دیوارەکان نووسراوی دژ بە رژێمیان دەنووسی و دروشمیان بڵاوکردەوە، دەڵێن "تا ئەو کاتەی خواستی ژیانێکی دیموکراسی و ئازادمان بەدی دێت چالاکییەکانمان بەردەوام دەبێت".
چالاکییەکانی خەڵک لە تاران، گیلان، ڕودسەر، کەرەج، قەزوین، مەشهەد، ئەهواز، شیراز، قوم، فارس، کرمان، ئەسفەهان، تەبرێز، زنجان و شارەکانی دیکە بەردەوامە.