بەردەوامی ئاگر لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە درێژەی ئاگرکەوتنەوەی بە مەبەست لە دارستانەکانی زاگرۆس، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کەسانی نەناسراو ئاگریان لە دارستانەکانی دۆریسان و زیران بەرداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە پێنج ڕۆژە دارستانەکانی مەریوان لە ئاگری ڕق و کینەی دوژمنانی سروشتدا دەسووتێن و گەل، چالاکوانانی مەدەنی و چالاکوانانی ژینگەپارێزی بەردەوام هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، هەرچەندە پێویستییەکانی ئاگرکوژاندنەوەیان لەبەردەستدا نیە، ئێستا هەواڵی گڕگرتنی دارستانەکانی زیران و دۆریسان لە میدیاکان بڵاو بووەتەوە.

 

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، لەماوەی دوو شەوی ڕابردوودا، بەشێک لە شاخەکانی زیران کە بە دارەکانی قەزوان و فستقی شاخ داپۆشراون، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگریان گرتووە، کە دوای هەوڵی خەڵک و چالاکوانانی ژینگەپارێزی کۆنترۆڵکران.

 

هەروەها شەوی ڕابردوو بەشێک لە دارستانەکانی دۆریسان پاوەش بەهۆی مەبەستی ڕقاوییەوە ئاگری تێبەردرا و خەڵک و چالاکوانان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوونە شوێنی ڕووداوەکە.

 

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵەی جیوەی پاوە کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری ژینگەدا کار دەکات، ناوبراو لەبارەی دۆزینەوەی سوتەمەنی سووتێنەری دەستی لە دەوروبەری دارستانەکانی بەڕوو لە پاوە ئاگادار کردەوە و لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان هۆشداری دا.

 

پێویستە بوترێت کە ماوەی چەند ساڵێکە دارستان و سامانە سروشتییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە وێران دەکرێن، بەکرێگیراوەکانی ڕژێمی ئێران بە بیانووی بوونی گرووپی دژبەری ڕێژیم بەردەوامن لە دروستکردنی بیابانبوون و ساڵانە بە سەدان هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ئاگری ڕق و کینەی دوژمناندا دەبنە خۆڵەمێش.