بەشداربووانی مەراسیمەکانی ئێران تەنها لایەنگرانی حکومەتن

خەڵکی ئاسایی، ئارەزووی بەشداریکردنیان نییە لەو مەراسیمە حکومییانەدا، بەشداربووانی ئەو شوێنانە تەنیا لایەنگری حکومەتن، کە هەندێکجار لە شارەکانی دیکەوە دەهێنرێن.

ژونا ئەردەڵان

 

سنە- لەگەڵ دەستپێکی عاشورا گیرانی ڕێگاوبان و قەرەباڵغی هاتوچۆ لە شەقامەکانی سنە بەدیدەکرا، بەهۆی بوونی پاسەکان کە ئامادەکرابوون بۆ ماتەمینی و بردنی ژەمی ئێوارەبۆ بەشداربووانی مەراسیمەکە، بەهۆیەوە هاتوچۆی سەرەکی ئۆتۆمبێلەکان ئاستەنگی بۆ دروستبوو.

 

هاوکات خەڵکی ئاسایی بە ئایینی و غەیرە ئایینییەوە ئارەزووی بەشداریکردنیان لەم ڕێوڕەسمە حکومییانەدا نیە، کە زیادەڕەویی یەکێکە لە تایبەتمەندییە دیارەکانی، بەشداربووانی ئەو شوێنانەش تەنیا لایەنگرانی حکومەتن، کە هەندێکجار لە شارەکانی دیکەوە دەهێنرێن.

 

شیعە و سوننە ساڵانێکی زۆرە لە شاری سنە لەگەڵ یەکتر دەژین، حکومەت هەمیشە هەوڵی دابەشکاریی و جیاوازی خەڵک دەدات لە ڕێگەی ئایینەوە، بەڵام ئەم شارە بەرەنگاری ماتەمینی ئیماندارانی شیعە نەبووە و ئەم مافەی پێبەخشیوون، لە کاتێکدا لە زۆر حاڵەتدا ئەم ماتەمینیانە بێزاری و هەراسانکردنی بۆ خەڵک دروستکردووە، لە گەڕەکەکان و ناوەندی شاردا دەنگی ماتەمینی و دروستکردنی بەربەستی ڕێگا ئارامی خەڵکی تێکداوە.

 

لە کاتێکدا تەنانەت خەڵکی ئایینیش بەو جۆرە پشێوانە ڕازی نین، ئەمساڵ حکومەت هەوڵیدا ناکۆکی لە نێوان خەڵکدا دروست بکات، هەوڵیدا هەستیاری خەڵک بوروژێنێت و بەم شێوەیە ناکۆکی لە نێوان شیعە و سوننەدا دروست بکات، بێ ئاگا لەوەی خەڵک کێشەی لەگەڵ یەکتر نییە، بەڵکو لەگەڵ حکومەتدا هەیەتی، ئەو مەراسیمە کە حکومەت بەڕێوەی دەبات بۆ خەڵکی سەرنجڕاکێش نییە، ئەمساڵ ئەو پاسانەی کە بۆ گواستنەوەی خەڵک ئامادەکرابوون چۆڵ بوون.

 

​ لە لایەکی ترەوە ئەم زیادەڕەوییانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە بارهەڵگرەکانی زبڵ و خاشاک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، بارهەڵگری زبڵ و خاشاک لە تەنیشت هەمان پاسەکانەوە دەبینرێت کە خۆراک بۆ مەراسیمەکە دابیندەکەن، لە کاتێکدا دەتوانن خۆراکی بەشێکی زۆری خەڵکی شارەکە دابینبکەن، بەڵام گرنگی بە تێرکردنی سکی برسی خەڵک نادەن، بۆیە خەڵکی گرنگی بە مەراسیمەکانیان نادەن و بەهۆی ئەم فشارە ئابووریانەی ترەوە بیروباوەڕی ئایینی لەناو خەڵکدا هەڵوەشاوەتەوە.