هەوڵ بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی دەدرێت

بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ماسی، ڕێژەی بەرهەمهێنانی بۆ ١٢ هەزار تۆن لە ساڵێکدا زیاد دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی سامانەکانی ماسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، چوار هەزار حەوزی کشتوکاڵی ئاوی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵانە هەشت هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێنن، بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژی بەرهەمی ماسی و خۆبژێوی ساڵان بۆ ١٢ هزار تۆن، بڕیارە حەوزی نوێی ماسی دابمەزرێنرێت.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە هەرێم تەنها ٤١٢ گۆمی بەخێوکردنی ماسی مۆڵەتی پێدراوە، لە کاتێکدا زیادبوونی خواست لەسەر ماسی لەهەرێمی کوردستان وایکردووە بازرگانان هەوڵی دامەزراندنی حەوزی نوێی ماسی بدەن.

 

سەڵاح مەجید، سەرۆکی کۆمەڵەی پەرەپێدانی سامانی ماسی لە کوردستان، ڕایگەیاند، لە هەرێمدا چوار هەزار حەوزی ماسی هەیە، لەو ژمارەیەش تەنها ٤١٢ حەوزی ماسی مۆڵەتیان هەیە، ئەگەر پەرە بە سامانی ماسی بدرێت، دەتوانرێت هەناردە بکرێت و ئاستی خۆبژێوی تێپەڕێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشدا، گرنگە حەوزی داخراوی ماسی دروست بکرێت و بە بازاڕکردنی زیاتر بۆ بەرهەمی ماسی بکرێت، هەروەها خولی کراوە بۆ پەرەپێدانی کارامەیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ماسیدا گرنگییەکی بەرچاوی هەیە.

 

هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ٨ هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا خواستی بازاڕەکان پێویستی بە زیاتر لە ١٢ هەزار تۆن ماسی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی خۆبژێوی، چیتر پێویستی بۆ هاوردەکردنی ماسی نەمێنێت.