ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەچنە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەچنە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایانگەیاند پێویستە خەڵک لە کارەساتەکە بپارێزرێن.
ناوەندی هەواڵ
سەرۆکی ڕێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لە ئێستادا دۆخی سوریا تێکچووە و پێویستە بەزوویی ئەم بارودۆخە ناخۆشە لەسەر هاوڵاتیان لاببەین، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ڕایگەیاندووە، لە ڕێگام بەرەو سوریا و ڕێکخراوەکەمان خزمەتگوزاری سەرەکی پێویست دەگەیەنێتە هەموو ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
میریانا سبۆلجاریک، سەرۆکی ڕێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتی لە تویتەری خۆی نوسیویەتى، ئەمشەو گەیشتمە حەلەبی سوریا و دڵم زۆر توندە بەو کارەساتە، لە پاش ئەو هەموو ساڵە لە جەنگی ناوخۆیی قورس لە ئێستادا ئەو وڵاتە بەهۆی بومەلەرزەوە تێکچووە و پێویستە بەزوویی ئەم بارودۆخە ناخۆشە لەسەر هاوڵاتیان لاببەین.
تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە تویتەری خۆی نوسیویەتى، من لە ڕێگام بەرەو سوریا و ڕێکخراوەکەمان خزمەتگوزاری سەرەکی پێویست دەگەیەنێتە هەموو ئەو ناوچانەی بومەلەرزەکە زیانی پێ گەیاندوون .
نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڵاویانکردەوە، مارتن غریفیس، یاریدەدەری کاروباری مرۆیی و ڕێکخەری هاوکارییە کتوپڕەکان کۆتایی ئەم هەفتە بەرەو تورکیا و سوریا بەڕێ دەکەوێت و ڕۆژی شەممە سەردانی شاری عەنتابی تورکیا دەکات و ڕۆژی یەک شەممە سەردانی حەلەب دەکات.