گردبوونەوەی پاڵپشتی لە سەرانسەری جیهان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ئەنجامدەدرێت

٥٤ وڵات یاداشتێکیان واژۆ کردووە و داوایان لە تاران کرد توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران ڕابگرێت

ناوەندی هەواڵ

 

رۆبەرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە ٥٤ وڵاتی جیهان ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە کە لەلایەن شیلی و ئیسپانیاوە پێشنیار کراوە و داوایان لە ئێران کردووە هێز لە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ڕابگرێت.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە: كاتی ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركرده‌كانی ئێران گوێ له‌م بانگەوازه‌ جیهانییه‌ بگرن و كۆتایی به‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌یان بهێنن، هاوكات له‌گه‌ڵ گردبوونه‌وه‌كان كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ چه‌ند شارێكی جیهان ده‌ستیان پێكردەوە؛ وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران کە بەهۆی کوشتنی ئەو ژنە گەنجە بەناوی مەهسا ئەمینی سەریهەڵدا، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە ئەشکەنجەدرا و پاشان گیانی لەدەستدا.

 

ئەو ڕێپێوانە پاڵپشتیانەی کە ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات بەشدارییان تێدا کردووە، زیاتر لە ١٥٠ شاری جیهانی لەخۆ گرتبوو، لە تۆکیۆوە تا سانفرانسیسکۆ، بە وتەی ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە بە لەندەن و پاریسدا تێدەپەڕن.

 

لە رۆما نزیکەی هەزار کەس رێپێوانیان کرد بە لێدانی تەپڵ، داوای دادپەروەری بۆ مەهسا ئەمینی و هەموو گەلی ئێران دەکەن، قوربانی توندوتیژی دڕندانە و کوێرانەی دەسەڵات، هەروەها داوای ئازادی بۆ ژنانی ئێران دەکەن.

 

لە تۆکیۆ، خۆپیشاندەران وێنەیەکی مەهسا ئەمینییان بەرزکردەوە، جگە لە وێنەی ژنان کە باڵاپۆشەکانیان دەسوتێنن و قژیان دەبڕن، ئەو ناڕەزایەتیانە کە زیاتر لە ٨٣ کەس تیایدا کوژران، دوای  گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی سەریهەڵدا.

 

مەهسا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، دوای سێ رۆژ لە دەستبەسەرکردنی بەهۆی پێشێلکردنی یاسای توندی جلوبەرگی ئێران کە بە تایبەتی داوا لە ژنان دەکات حیجاب بپۆشن، گیانی لەدەستدا، لای خۆیەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژی بێبەزەییانەی کرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئاماژەی بە بەکارهێنانی تەقەمەنی زیندوو و لێدان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کرد.

 

دەسەڵاتداران رەتیدەکەنەوە هیچ دەستێوەردانێکی پۆلیس لە کوشتنی مەهسا ئەمینیدا هەبێت، هەروەها خۆپیشاندەران بە "ئاژاوەگێڕ" وەسف دەکەن، لە هەمان کاتدا راپۆرتی سەدان دەستگیرکردن لەو بارەیەوە دەدەن.

 

ئاژانس فرانس پرێس له‌ زاری به‌رپرسێكی پێشووی ژێر ده‌ستبه‌سه‌ری ماڵه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: "ده‌مه‌وێت سوێند‌ی هێزە ئه‌منییه‌كان به‌بیر بهێنمه‌وه‌ كه‌ خاك و ئێران و گیانی خه‌ڵك و موڵك و مافه‌كانی خه‌ڵك بپارێزن".

 

دەسەڵاتدارانی ئێران خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕ تۆمەتبار دەکەن بەوەی هێزە بیانییەکان پاڵپشتیان دەکەن یان هانیاندەدەن بۆ ناڕەزایەتییەکان، ڕۆژی هەینی دەسەڵاتداران دەستگیرکردنی ٩ هاوڵاتیان لە ڕەگەزی ئەڵمانی، پۆڵەندی، ئیتاڵی، فەرەنسی، هۆڵەندی، سویدییان ڕاگەیاند.