ژنانی هونەرمەند سوورن لەسەر درێژەپێدانی ڕێبازەکەی ناگیهان ئاکارسەل

ئەو ژنانەی تەنها جارێکیش بەرکەوتنیان لەگەڵ هەڤاڵ زیلان هەبوبێت بەڵێنی درێژەپێدانی ڕێبازەکەی دەدەن، چونکە دەیانزانی بێجیاوازی ناگیهان ئاکارسەل هەوڵ بۆ بەرەوپێشچوونی ئازادی ژن دەدات.

سلێمانی

 

ناگیهان ئاکارسەل بۆ تەواوی ژنانی سەلماندووە ئامانجی تەنها خزمەتکردنی ژنان و بەرەوپێشچوونیانە بێ جیاوازی، فکر، ئاین و حزب تەنها لە هەوڵی ڕۆشنبیرکردن و دەرخستنی تواناکانی ژناندا بووە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بۆ هەموو کایەکانی ژیان بردووە ئەگەر ژنی تێدا بوبێت، جێ پەنجەی خۆی بەجێهێشتووە.

 

وەک ژنانی شێوەکار باسی لێوەدەکەن چەندین کاریان پێکەوە ئەنجامداوە، بۆ هەرکارێک گفتوگۆ و کۆبوونەوەی تایبەتیان بۆکردووە تەنها بۆ ئەوەی لە ڕووی فکرییەوە کارەکانیان بە باشترین شێوە بگاتە جێ، بەڵام دوژمن ڕێگەی نەدا و لە بەرواری ٤ی تشریی یەکەم لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی و نزیک لە ماڵەکەی خۆی تیرۆرکرا.

 

"خەمی هەڤاڵ زیلان بەرەوپێشچوونی ژنان بوو"

ئاڤان سدیق، شێوەکار، دەربارەی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل و سەردەمی پێکەوەبوونیانی ئاماژەی بەوەکرد، نەک تەنها ئەو وەک شێوەکاێک بەڵکو چەندین شێوەکاری دیکە سەردانی ژنۆلۆژیان دەکرد، زیاترین بەرکەوتنی لە ڕێی پێشانگایەکەوە بوو بە ناوی "خۆبوون"کە ژنۆلۆژی ڕێکیخستبوو، بەردەوام گفتوگۆیان دەکرد لەسەر بابەتەکان و پێشانگاکان.

 

وتی "هەرکەسێک هەڤاڵ زیلانی ببینیایە درکی بەوەدەکرد لە خەمی ژندابوو، هەمیشە هەوڵی دەدا ژن لە کایە جیاوازەکاندا پێگەی هەبێت، بۆی گرنگ نەبوو ئەو ژنەی خزمەتی دەکات سەر بە چ حزب و فکرێکە تەنها ژن بوایە و هەوڵی بدایە هاوکاری دەکرد".

 

باسی لەوەکرد، ڕۆژێک بەر لە شەهیدبوونی بینیویەتی لە پێشانگایەکی هونەریدا، کە تەنها لە ڕێی زەردەخەنەیەکەوە ئەو پەیامەی گەیاندووە کە لە پشت ژنانەوەیە، بۆیە پێی وایە دەبێت ژنی کورد بگاتە ئەو ئاستەی باوەڕی بە تواناکانی خۆی هەبێت و درێژە بە ڕێبازەکەی هەڤاڵ زیلان بدات.

 

"بێ جیاوازی کاری بۆ خزمەتکردنی ژنان دەکرد"

ساکار فاروق، شێوەکارە و ئاماژەی بەوەدا، تەنها ژنێکی ئاسایی تیرۆر نەکراوە بەڵکو فریشتە و بیرمەندێک تیرۆرکراوە، لە ڕێی پێشانگایەکی هونەرییەوە بەهەمان شێوە کە ژنۆلۆژی ڕێکیخستبوو، بەرکەوتنی لەگەڵ هەڤاڵ زیلان هەبووە، وتی "ڕۆژانە کۆبوونەوە و سیمینارمان دەکرد دەربارەی کارەکانمان، هیچ کات هەڵچوونێکمان تیادا نەبینی لە کاتیکدا بەردەوام هەوڵی فێرکردن و بەرەوپێشچوونی ئێمەی دەدا، لە پلانماندابوو کاری باشتر بکەین بەڵام بەداخەوە شەهیدکرا".

 

ساکار باسی لەوەشکرد، جوانترین هەڵوێستی هەڤاڵ زیلان جیاوازی نەکردنی ژنانە، بۆی گرنگ نەبوو ئەو ژنەی هاوکاری دەکات چ کارەیە و سەر بە چ فکرێکە، تەنها ئامانجی خزمەتکردنی ژنان بوو بێ جیاوازی، بە پێویستی دەزانێت بە دوژمنانی ڕابگەیەنێت کە ئەگەر مۆمێکیان کوژاندبێتەوە دەیان چرا و ئاگریان دروستکردووە ئەویش لە ڕێی بەردەوامیدان بە ڕێبازاکەی ناگیهان ئاکارسەل.