سەدان کەس لە دیمەشق ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە حکومەتی کاتی دەربڕی

سەدان کەس کە لە گۆڕەپانی ئومەوی دیمەشق لە سووریا کۆبوونەوە، بە داواکاری دیموکراسی و مافی ژنان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە حکومەتی ئێستا. لە چالاکییەکەدا پانکارتی "ئەگەر ژنان ئازاد نەبن، وڵات ئازاد نییە" کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 دوای ١١ ڕۆژ لە ڕووخانی حکومەتی بەعسی لە سووریا ڕێکخراوی جیهادیی تەحریر شام، سەدان کەس بە بەشداری ژنانیش لە گۆڕەپانی ئومەوی دیمەشقی پایتەختی سووریا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای دیموکراسی و مافەکانی ژنانیان کرد.

 

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو چالاکوانانەی بۆ داواکردنی دیموکراسی و مافی ژنان کۆبوونەوە، لە گۆڕەپانی ئومەوی دیمەشق، دروشمی "دەوڵەتی ئایینیمان ناوێت، دەوڵەتێکی دیموکراسیمان دەوێت"، "سووریایەکی ئازاد و پێشکەوتوو"، "گەلی سووریا یەکن"یان وتەوە.

 

ماجیدە مودەرەس، فەرمانبەری خانەنشینکراو لە چالاکییەکەدا بەشداری کرد و بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "هەم ژن و هەم پیاو ڕۆڵیان هەیە لە بنیادنانی سووریایەکی نوێدا، ڕۆڵی ژن لە سیاسەتدا زۆر گرنگە. ئێمە پەیڕەوی لێدەکەین و هیچ هەڵوێستێک لە دژی ژنان قبوڵ ناکەین. سەردەمی بێدەنگیمان تێپەڕی".

 

لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وتەبێژی ئیدارەی سیاسی حەیات تەهری شام، عوبەیدە ئەرناوت، ڕایگەیاندووە، “سروشتی جەستەیی، بایۆلۆژی و دەروونی ژنان ڕێگە نادات ژنان وەک وەزیری بەرگری ڕۆڵ بگێڕن”. هاوڵاتیان و چالاکوانانی ژن و پیاوان ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر ئەم لێدوانە دەربڕی.