لە ناوخۆی عێراق ٥٠ هەزار کەس ئاوارەبوون

بەهۆی گۆڕانە ژینگەییەکان و خراپی دۆخی هاووڵاتیان لە هەر ١٠ کەس لە عێراق یەکێکیان ئاوارەبووە، بەشێکی زۆریان لە شارەکانی ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە شەش ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٥١ هەزار عێراقی ئاوارە بوون، زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە.

 

نووسینگەی هەماهەنگی و کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر دۆخی کەشوهەوا و کەم ئاوی لەعێراق بڵاوکردەوە، ئاماری زیانەکانی لە ئەنجامی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە عێراق خستەڕوو.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٪١٣ دانیشتووانی بەشێک لە ناوچەکانی عێراق بەهۆی دۆخی خراپی کەشوهەواوە ئاوارە بوون، ئەو کەسانەشی ماونەتەوە بەهۆی خراپی خۆی ئابووریان نەیانتوانیووە بەجێیبهێڵن.

 

ئاوارەبوونی دانیشتووانی بۆ چوار هۆکاری سەرەکی، کێشە ژینگەییەکان و نەبوونی ئاو، نەبوونی خزمەتگوزاری و ژێرخان، نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و شەڕ و پێکدادان، گەڕاندەوە.

 

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ئامارە کۆکراوەکانی ٩ پارێزگا، ٢٩ شارۆچکە و ٢٦٢ شارەدێ دەریخستووە، هاووڵاتیانی عێراق لە هەر ١٠ کەس یەکێکیان ئاوارەبووە، بەهۆیەوە ٥٢ هەزار و ٢٩٠ هاووڵاتی لە نێوان کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ بۆ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەی شارەکانی ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بوون.

 

ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەکردووە، نزیکەی ٦٢ هەزار خێزان لەو ناوچانەی عێراقدا دەژین، کە ئاوارەبوونی دانیشووان تێیاندا روودەدات.