عێراق، فرۆشتنی شروبێکی ژەهراوی قەدەغە دەکات

دەرمانی "كۆڵد ئاوت" بەهۆی ژەهراویبوونی، فرۆشتنی لە دەرمانخانە و نۆرینگەکانی عێراق قەدەغە دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، دەرمانی "كۆڵد ئاوت" كە بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتوە ژەهراویە، لە ناوەندەكانی تەندروستی تۆمار نەكراوە، بەپێی یاسا فرۆشتنیشی لەدەرمانخانە و نۆرینگەكان ڕێگەی پێنادرێت.

 

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، دەرمانی "Cold Out" بە فەرمی لە وەزارەتی تەندروستی تۆمار نەكراوە و فرۆشتنی بە سەرپێچی یاسا دادەنرێت، پێشتریش لەناو وەزارەتی تەندروستی باس لەم دەرمانە كراوە بەڵام بەفەرمی لەهیچ ناوەندێك تۆمارنەكراوە.

 

ئاماژەی بەوەداوە، فرۆشتنی دەرمان و چارەسەری پزیشکی یاخود بازرگانی کردن پێوەی بەبێ ئەوەی تۆمار بكرێت، بە پێی یاسا بە سەرپێچی دادەنرێت، پێویستە دەرمانەکان بەپێی ئەو رێنمایی و كۆنتڕۆڵە یاسایی و زانستیانەی كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی پەسەند كراون، دروستبكرێت.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق باسی لەوەکرد، تیمەكانی تەندروستی بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانی سەرپێچی یاساکان دەکەن بۆ ئەو دەرمانە یاخود دەرمانەکانی دیکە.