ئێران کامێرا دادەنێت بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ ناپۆشن

پۆلیسی ئێران ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان کردووە بە دانانی کامێرا لە شوێنە گشتییەکان بۆ ناسینەوەی ئەو ژنانەی حیجابیان لەبەر نیە.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی ئێران ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتداران دەستیانکردووە بە دانانی کامێرا لە شوێنە گشتییەکان بۆ ناسینەوەی ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ ناپۆشن، ئەو ژنانەی کە لە کامێراکانەوە دەبینرێن و حیجابیان لەبەر نیە، نامەیەکی کورتی ئاگادارکردنەوەیان پێدەگات سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی پێشێلکردنی یاساکان.

 

پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە "بەرخۆدانی ژنان لە دژی یاسای حیجابی زۆرەملێ"، ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ڕابردوو بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سەریهەڵدا، کە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرابوو و پاشان بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا.

 

بەیاننامەیەکی پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە سیستەمەکە کامێرای بەناو "زیرەک" و ئامرازەکانی دیکەی بەکارهێناوە بۆ ناسینەوە و ناردنی "بەڵگەنامە و پەیامی ئاگادارکردنەوە بۆ سەرپێچیکارانی یاسای حیجابی زۆرەملێ"، ئەمەش بە ڕێکارێکی نوێی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ژنان دادەنرێت کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە بە چەندین شێواز هەوڵی سەرکوتکردنی خەبات و تێکۆشانی ژنانی داوە.

 

لە ساڵی ١٩٧٩ەوە  پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لێکدانەوەیەکی توندی بۆ یاساکان داناوە، لە ڕووی یاساییەوە پێویستە ژنان حیجاب "سەرپۆش" بپۆشن، ئەو ژنانەی یاسا پێشێل دەکەن، ڕووبەڕووی غەرامە یان دەستگیرکردن دەبنەوە.

 

لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا هەزاران خۆپیشاندەر لە ئێران دەستبەسەر کراون و لەسێدارە دراون، بەڵام لایەنەکانی ڕژێم بەردەوامن لە پێداگری لەسەر ئەوەی کە کار بۆ جێبەجێکردنی یاساکە بکرێت، لە کاتێکدا بەرخۆدانی ژنان بەرامبەر یاسا زۆرەملێکانی ڕژێمی ئێران تا ئێستا بەردەوامە و بە لابردنی حیجابەکانیان لەسەر شەقامەکان ناڕەزایی خۆیان نیشان دەدەن و دووپاتی دەکەنەوە کە چیتر لە سزا و یاسا سەپێندراوەکانی ڕژێمی ئێران ناترسن.