سەبیحە سەبری: ئێمەی پێکهاتەکانی شەنگال ڕێگە بە فەرمانێکی نوێ نادەین

سەبیحە سەبری وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی داوای لە هەمووان کرد کە لە ڕێپێوانی سبەینێدا دژی دروستکردنی دیواری نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری بکەن، وتی: " وەک پێکهاتەکانی شەنگال، نابێت ڕێگە بە پلان بۆ فەرمانێکی نوێ بدەین".

شەنگال

بۆ درێژەدان بە ڕێککەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەم سوپای عێراق بە دروستکردنی دیوار شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان جیادەکاتەوە، دژی ئەوەش خەڵکی شەنگال بە هەموو شێوەیەک کاردانەوەیان هەبوو، سبەی ڕێپێوانێکی جەماوەری لەسەر هەمان پرس ڕێکدەخرێت هاوڵاتیان لەسەر ڕێگای نێوان خانەسۆر و سنون لەبەردەم بازگەی زیرە لە سنون کۆدەبنەوە و بەرەو بنکەی تربیکای سوپای عێراق دەڕۆن، لەسەر ئەو بابەتە، سەبیحە سەبری وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی داوای لە هەموو پێکهاتەکانی شەنگال کرد کە بەشداری ڕێپێوانەکە بکەن.

 

سەبیحە سابیری سەبارەت بە رێپێوانەکە کە سبەینێ لە دژی دروستکردنی دیوارەکە بەڕێوەدەچێت، وتی: "ئێمە لە سەرەتاوە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی و کۆمەڵگەی عەرەبی کاردانەوەی خۆمان بەرامبەر دیواری نێوان ئێمە و ڕۆژئاوای کوردستان هەبووە، . دەبینین سوپای عێراق بەبێ وەستان دیوار دروست دەکات ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی و عەرەب کە لەسەر ئەم خاکە دەژین بێگومان بینەر نابین تا ئەو کاتەی دیوارەکانی نێوان خۆمان و ڕۆژئاوای کوردستان هەڵنەوەشێنینەوە، سبەینێ کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لەسەر ڕێگای نێوان خانەسۆر و سنون لەبەردەم بازگەی سنون کۆدەبینەوە و بەرەو بنکەی تربیکای سوپای عێراق دەچین".

 

ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان وەک ژنانی شەنگال نیگەرانن لەو پلانانەی لەسەر شەنگال ئەنجام دەدرێن و بەرگەی هەموو جۆرە پیلانێک دەگرن، سەبیحە سەبری داوای لە هەمووان کرد کە لە دژی هێرشەکانی سەر شەنگال پشتیوانیان بکەن و بەردەوامیشی دا و وتی: "دەیانەوێت تەواوی سیاسەتی پیسی خۆیان لە شەنگال پەیڕەو بکەن، بە بیانوی ئەوەی ئێمە دەپارێزن ئەم دیوارە دروست دەکەن، با باش بزانن کە خەڵکی شەنگال خەڵکی پێشوو نین و هەتا کۆتایی لە بەرامبەر ئەمەدا دەوەستنەوە".

 

لە کۆتاییدا سەبیحە سەبری بەم وشانە تیشکی خستەسەر کاردانەوەکانی هاوڵاتیان: " خەڵکی شەنگال بۆیان دەردەکەوێت کە ئەم دیوارە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا نییە و دەڵێن ئەم دیوارە بۆ بەردەوامی فەرمانە، کاردانەوەکانی خەڵک لە ئاستێکی بەرزدایە بۆ ئەوەی ئەم دیوارە دروست نەکرێت، گەل خۆی بۆ تێکۆشان ئامادە دەکات".