ڕۆژنامەنووسانی ژینگەیی ئەرکەکانیان سەختبووە

زیادبوونی قەیرانەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وایکردووە ڕۆژنامەنووسانی کەشوهەوا ڕووبەڕووی فشارێکی زیاتر ببنەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە وردی ڕاپۆرت بکەن و قووڵایی و پانتایی ئەو کۆمەڵگایانەی کە زیانیان بەرکەوتووە بگەیەنن بە جیهان.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانەکانی کەشوهەوا زیاتر لە هەموو پرسێکی دیکە ئایندەی جیهان دیاری دەکات، بەڵام بینەران لە تەماشاکردنی ڕووماڵکردنەکانی کەشوهەوا دووردەکەونەوە چونکە میدیاکان لە جیهان نەیانتوانیووە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەر بگێڕن لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی تایبەت بە کەشوهەوا.

 

دەزگاکانی هەواڵ دەتوانن باشتر کار بکەن، ڕاپۆرتکردن لەسەر پرسەکانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی کاریگەر و لە هەمان کاتدا بنیاتنەر ئەنجامبدەن و بۆ ڕۆژنامەگەری خزمەتگوزاری گشتی بە هەمان شێوە پرسێکی گرنگ و کاریگەرە، بەڵام ڕۆژنامەنووسان سنووردار دەکرێن و فشاریان دەخرێتەسەر و ئاسانکارییان بۆ ناکرێت.

 

لەگەڵ زیادبوونی قەیرانەکانی کەشوهەوا و زیادبوونی کاریگەرییە جیهانییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ڕۆژنامەنووسانی کەشوهەوا ڕووبەڕووی فشارێکی زیاتر دەبنەوە بۆ ئەوەی هەم ڕاستییەکان بە وردی ڕاپۆرت بکەن و هەم قووڵایی و پانتایی ئەو کۆمەڵگایانەی کە زیانیان بەرکەوتووە بگەیەنن بە جیهان، پەیامنێران لە سەرانسەری جیهاندا هەوڵدەدەن باشترین نوێنەرایەتی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکەن.

 

کاترین دان، سەرنووسەری ناوەڕۆکی تۆڕی ڕۆژنامەگەری کەشوهەوای ئۆکسفۆرد پەیمانگای ڕۆیتەرزکە هەڵسەنگاندن لەسەر ڕۆژنامەنووسانی کەشوهەوا لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە ئاماژەی بەوەداوە بە گشتی کە ڕۆژنامەنووسەکان بە ئەزموونن، و پێویستیان بە ڕاهێنان نییە لەسەر چۆنیەتی ڕاپۆرتکردن، ئەوەی پێویستیان پێیەتی ئاسانکاری دەستکەوتنی سەرچاوە و دەستڕاگەیشتن و پەیوەندییەکانە کە کارەکانیان ئاسان دەکات.

 

ڕۆژنامەنووسان بێزارییەکانیان لەبارەی ئاستەنگییەکانی دەستڕاگەیشتنیان بە زانیارییە متمانەپێکراوەکانی کەشوهەوا ڕاگەیاندووە، ڕۆژنامەنووسێک لە نیپاڵ باسی لەوەکردووە کە دەستیان ناگات بە زانیارییەکانی کەشوهەوای ناوخۆیی لە کاتێکدا زانیاری گرنگ و پێویستن، ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی نەیجیریا باسی لە کێشەکانی دۆزینەوەی سەرچاوەی کەشوهەوای نەیجیریا لە وشکەساڵی کردووە، رۆژنامەنووسێکی دیکە باسی لەوەکردووە کە ناچاربوون چەند مانگێک چاوەڕێی داتای بنەڕەتی کەشوهەوا لە حکومەتەوە بکەن، هەروەها باسیان لە ململانێکان کردووە لە دۆزینەوەی پسپۆڕانی ناوخۆیی یان ناوچەیی بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەن لە گەیاندنی زانیارییەکان.

 

لە ساڵی ٢٠٢١، شیکارییەکی دیمۆگرافی بڵاوبووەوە سەبارەت بە ڕەگەز و نەتەوە و وڵاتی ئەو زانایانەی کە بەشدارییان لە نووسینی ١٠٠ توێژینەوەی کەشوهەوادا کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠ ئاماژەیان پێکراوە.

 

ئەنجامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە کەمتر لە ٪١ی نووسەرانی توێژینەوەکە لە ئەفریقا بوون و کەمتر لە ٪١٢ی نووسەرانی سەرەکی ژن بوون، هیچ توێژینەوەیەک نووسەری سەرەکی و یەکەمی لە ئەفریقا یان ئەمریکای باشوورەوە نەبووە، لە کاتێکدا ٩٠٪ لە ئوسترالیا، بەریتانیا یان ئەمریکاوە هەبووە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەو وڵاتانەی کە لە قەیرانی کەشوهەوادا دەژین کەمترین بەشداریان لە ئەنجامدانی توێژینەوە و شیکارییە ژینگەییەکان کردووە.