لە ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، ژنانی ژاورود، بەهێز و سەربەخۆ

ساڵانێکە ژنان باسی ئەو ئازارانە دەکەن کە بەهۆی کاری قورسەوە تووشی بوون، دەڵێن: ئێمە لە کاری کشتوکاڵی زۆر ماندوو بووین، ئێستاش شەو تا بەیانی ناتوانین بخەوین بەهۆی ئازاری قاچەکانمانەوە، پشت و سەرئێشە کە هەمووی دەرئەنجامی ماندووبوونی ڕابردوومانە .

ژونا ئەردەڵان

 

سنە- ژنانی دەڤەری ژاورود لە دژوارییەکانی ژیاندا تەمەنیان تێپەڕاندووە، بەهۆی سەختی ناوچەکە و نەبوونی هاتوچۆی گونجاو بۆ شارەکان، بەڵام هێشتا زیاتر لە پیاوان پەرۆشن بۆ کاری کشتوکاڵی و ئامادەکردنی خواردن.

 

دوو لەو ژنانەن کە هەردووکیان ناویان شەرافەتە، باسیان لە ئەزموونی ژیانی گوند کرد کە پیایدا تێپەڕیوون: " بە درێژای چەندین ساڵ تا ئەمڕۆ سەرقاڵی کشتوکاڵ بووین، بەڵام ئێستا هێندە بەتوانا نین تا بتوانین کشتوکاڵ بکەین، ئێمە لە پیاوان زیاتر ماندووین چونکە کارمان دەکرد و منداڵیشمان پەروەردە دەکرد."

 

باسیان لە بەشێک لەو کارانە کرد کە ژنان لە گوندەکان ئەنجامی دەدەن: " ئێمە کارەکانی وەک ئاژەڵداری و کشتوکاڵمان کردووە، لە بەهاردا شووتی و قەیسی و گوێز و میوەی دیکەمان چاندووە لەگەڵ ئاژەڵداریدا کاری ماڵەوە و چاودێری منداڵیشمان دەکرد، جاران خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاسانکاری نەبوو، سەرباری سەختییەکانی ژیان توانیمان منداڵی تەندروست پەروەردە بکەین، ئێستاش هێواش هێواش پیر دەبین و منداڵەکانمان، کوڕ و کچەکانمان بوونەتە خاوەن ماڵ و ژیانی خۆیان."

 

وتیشیان: " ساڵانێکە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی چەندین بەرهەمی وەک گوێز، قەیسی، گەنم، جۆین، لە ڕابردوودا ئاژەڵداریمان دەکرد و مەڕ و مانگامان هەبوو، ئاسانکارییەکانی ژیان وەک ئێستا نەبوو و دارمان بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەکاردەهێنا."

 

یەکێک لەو ژنانە وتی: " جاران بەروبوومی تووتنی زۆرمان هەبوو و پیاوان هەڵیاندەگرت و ئێمەش ئامادەمان دەکرد و پاشان دەیانبردە شار و دەیانفرۆشت، جاران کارکردن لە گوندەکان زیاتربوو و ئاژەڵیش زیاتر بوو، بۆیە کاری زۆرتر هەبوو، ئێمەش زیاتر لە پیاوەکان کارمان دەکرد و ماندوو دەبووین و خواردنیشمان ئامادە دەکرد، لەگەڵیان دەچووین بۆ بڕینی چیمەن و دروێنە، لە هەمان کاتدا منداڵەکانمان بەخێو دەکرد و لەسەر شانمان هەڵماندەگرتن کاتێک لەگەڵیان ڕێگا سەختەکانمان دەبڕی و کارمان دەکرد."

 

یەکێک لەو ژنانە وتی: "ڕۆژێکی خۆشمان نەبوو، بەیانیان زۆر زوو لە خەو هەڵدەستاین و نوێژی بەیانیمان دەکرد، لەگەڵ پیاوەکانیش دەچووین بۆ کاری کشتوکاڵی، پیاوانی جاران توندوتیژتر بوون لەگەڵ ژنان باش نەبوون هەرچەندە ئێستا کەمێک دۆخەکە باشتربووە، زەحمەتی زۆرمان دەکێشا کاری ماڵ و کشتوکاڵ و منداڵ، بەڵام تەنانەت هەرگیز پێیان نەدەوتین ماندوو نەبن."

 

باسیان لە دۆخی ژنانی دووگیانی ئەو کاتە کرد و وتیان: " جاران ژیان بۆ ژنان زۆر قورس بوو، خزمەتگوزاری تەندروستی بەردەست نەبوو، ژنانی دووگیان زەحمەتی زۆریان دەبینی چەند ڕۆژێکی دەویست تا منداڵی ببێت، پزیشک نەبوو، ژنە دووگیانەکەش یان خۆی دەمرد یان منداڵەکە لەدەست دەچوو بەهۆی ئەوەی خوێنیان لێدەڕۆشت چونکە هیچ چاودێرییەکی تەندروستی نەبوو، پزیشک نەبوو."

 

یەکێکیان وتی: ژنێکی خەڵکی گوندی ڕێشانەش بەهۆی ئەمەوە لە کاتی منداڵبووندا گیانی لەدەستداوە، من یازدە منداڵم بووە و تەنها بۆ یەکێکیان چوومە نەخۆشخانە.

 

ساڵانێکە ژنان بەردەوامن لە وتنی ئەو ئازارانەی کە بەهۆی کاری قورسەوە تووشی بوون:" ئێمە بۆ کاری کشتوکاڵی زۆر ماندوو بووین، ئێستاش  شەو تا بەیانی ناتوانین بخەوین بەهۆی ئازاری قاچەکانمانەوە، پشت ئێشە، سەرئێشە و هتد هەمووی دەرئەنجامی ماندووبوونمانە لە ڕابردوودا، ئێستا ئەژنۆکانم پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە و هەروەها نەشتەرگەریم بۆ پشتم کردووە، ئێمە لە یەک ڕۆژدا حەفتا سەبەتە شووتیمان هەڵگرتووە، ڕەنگە تەنها ڕۆژانی هەینی کارمان نەکردبێت، ئەگینا لە شەشی بەیانییەوە تا پێنجی ئێوارە کارمان دەکرد."