بەهۆی گۆڕانە ژینگەییە جیهانییەکان، باران بارین وێرانکاری لە کەرتی غەزە دەکات

بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، کۆنی و وێرانبوونی ژێرخانی غەززە، لە هەمان کاتدا گەمارۆدان و شەڕەکانی سەر غەززە، دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی زریانەکان و لافاو گەورەتر دەکات، خەڵکەکەش ناڕەزایەتی بەرامبەر کەمتەرخەمی حکومەت نیشاندەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان ناهاوسەنگی لە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان بووەتە هۆی چەندین کارەسات سروشتی، وەک وشکەساڵی لە ناوچەیەک، لافاو و بارانبارینی بە خوڕ لە ناوچەیەکی دیکە، بومەلەرزە و چەندین لێکەوتەی دیکەی کەشوهەوا.

 

لە کاتی یەکەم بارانبارینی وەرزی پایز بەسەر کەرتی غەززە، زۆرێک لە شەقامەکان لافاو ڕووی تێکردوون و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و جووڵەی خەڵک بە تەواوی وەستاوە.

 

ژمارەیەکی زۆر لە ڤیدیۆ و وێنە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە، لافاو لە کەمپی پەنابەرانی ئەلشاتی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە نیشان دەدەن و ئۆتۆمبێلەکان نزیکەی تەواو لە ئاودا نوقم بوون.

 

کەرتی غەززە ساڵانێکە بەدەست ژێرخانی کۆنەوە دەناڵێنێت، کە سیستمی ئاوەڕۆ وشەقامەکان بە تەواوی کۆنن و حکومەت هیچ بودجەیەکی بۆ نۆژەنکردنەوەیان تەرخان نەکردووە، لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارانیش دۆخەکە دەخەنە ئەستۆی گەمارۆ و بۆردومانی یەک لە دوای یەک لەلایەن ئیسرائیلەوە لە کاتی خولە جیاوازەکانی پەرەسەندندا، ئەمە جگە لە کەمی بودجە کە بووەتە قەیرانێک و وڵاتەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە.

 

لەوەتەی حەماس لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٧ دەستی بەسەر کەرتی غەززەدا گرتووە، ئیسرائیل گەمارۆی ئابوری توندی سەپاندووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ئەو ناوچەیە دروستکردووە، هەروەها کەرتی غەززە بەدەست نەبوونی کارەباوە دەناڵێنێت. خەڵک تەنها ٪٤٠ کارەبای پێویست لە ڕۆژدا وەردەگرن لە ئەنجامی نەتوانینی وێستگەی کارەبای شارەکە بۆ کارکردن بە توانای تەواو بەهۆی کەمی سووتەمەنی.

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و زستان، کێشەی ژێرخانی دەست دەکات بە دەرکەوتن، لەوانە لافاو لە ئاوی باران و پچڕانی کارەبای بەرفراوان، لە ئێستادا ڕۆژانە شەش کاتژمێر کارەبا وەردەگرن خەڵکی ناوچەکە ئەمەش پێداویستی هاوڵاتیان پڕ ناکاتەوە.

 

سەرۆکی شارەوانی شاری غەززە ڕایگەیاندووە، ژێرخانی غەززە کۆنە و وێران بووە، گەمارۆدان و شەڕەکانی سەر غەززە، دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی زریانەکان گەورەتر دەکات، ئێمە زۆر کاردەکەین بۆ چاککردنەوەی ئەوەی کە دەتوانرێت بە توانا سنووردارەکانمان چاک بکرێت، تیمەکانی شارەوانی کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بارانبارینەکەدا سەریان هەڵداوە بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دووبارە نەبنەوە