ڕووسیا، مەترسی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنانی ئاوارە هەیە

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی بێسەرپەرشت لە ئۆکرایناوە بەرەو ڕووسیا دەدات و دەشڵێت مەترسی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێلیزی براندس کیریس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ٧ی ئەیلول لە میانی دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو شتانەی کە بە گواستنەوەی زۆرەملێ لە ئۆکراینا ناوی دەهێنرێت، ڕایگەیاند، تۆمەتی "باوەڕپێکراو" هەیە بە گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی بێسەرپەرشتی ئۆکراینا بۆ ڕووسیا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، نیگەرانن لەوەی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ڕێکارێکی ئاسانکراویان گرتۆتەبەر بۆ پێدانی ڕەگەزنامەی ڕووسی بەو منداڵانەی کە لەژێر سەرپەرشتی دایک و باوکیاندا نین و پێدانیان بە خێزانە ڕووسیەکان تا بەخێویان بکە.

 

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ توانیویەتی "دڵنیای بکاتەوە" کە هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا ناوەندی "ڕیزکردن"یان دامەزراندووە کە پشکنینی ئەمنی تێدا ئەنجام دەدرێت و زانیاری کەسی و بایۆمەتری تێدا کۆدەکرێتەوە.

 

ئەم ناوەندانە پشکنینی فیزیکی ئەو کەسانەشی تێدادەکرێت کە ناوچەیەکی شەڕ بەجێدەهێڵن یان دەپەڕنەوە بۆ ناو ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا، ئێلیزی براندس کیریس ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە نیگەرانین لەوەی کە ئەم جۆرە پشکنینانە، و ئەو دەستگیرکردنانەی کە بەدوایدا دێن، لە دەرەوەی هەر چوارچێوەیەکی یاسایی ئەنجام دەدرێن و ڕێز لە بنەماکانی پێویستی و ڕێژەیی ناگرن و پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدا ئەنجام دەدرێت و هەندێکجار بە ڕووتی پشکنینی ئەو کەسانە دەکرێت.

 

لەو ڕووەوە بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: بە تایبەتی نیگەرانین لە مەترسی دەستدرێژی سێکسی کە ژنان و کچان لەم ڕێکارانەی پشکنیندا ڕووبەڕووی دەبنەوە.