ڕۆژی جیهانی منداڵان

چەندین ساڵ بەسەر دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا تێپەڕیوە کە ئامانج لێی دابینکردنی خۆشگوزەرانی و پاراستنی مافەکانی منداڵان بوو، بەڵام تا ئێستا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حوکمەتەکان بە کردەیی هەنگاویان نەناوە بۆ پاراستنی منداڵان لە پێشێلکاری.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی جیهانی منداڵان، ڕۆژێکی یادکردنەوەیە کە تیایدا ساڵانە بۆ هۆشیاری و بەبیرهێنانەوەی مافەکانی منداڵان دەکرێتەوە، لە ساڵی ١٩٢٥ ڕۆژی جیهانی منداڵان بۆ یەکەمجار لە جنێف لە کاتی کۆنفرانسی جیهانی چاودێری منداڵاندا دیاریکرا، لە ساڵی ١٩٥٠ەوە لە ١ی حوزەیراندا لە زۆربەی وڵاتانی سۆسیالیزم ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکرێت کە ئامانج لێی دابینکردنی خۆشگوزەرانی بوو بۆ منداڵان.

 

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی جیهانی منداڵانی لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٩ بە بۆنەی یادکردنەوەی جاڕنامەی مافەکانی منداڵ پیرۆز کرد، چونکە دوای کۆنفرانسی جیهانی جنێف هیچ بەروارێکی دیاریکراو پێشنیار نەکرا، بۆیە وڵاتان هەر بەروارێک کە زیاتر پەیوەست بێت بە کلتورەکەیانەوە بەکاریان هێنا وەک ڕۆژی منداڵان.

 

ڕۆژی جیهانی منداڵان لە دووەم یەکشەممەی حوزەیرانی ساڵی ١٨٥٧ لە لایەن "ڕیڤەرند دکتۆر چارلس لیۆنارد" قەشەی کەنیسەی یونیڤێرسالیستی ڕێدیمەر لە چێڵسی، دەستنیشانکرا، چارلس لیۆنارد خزمەتێکی تایبەتی بە منداڵان دەکرد، لە سەرەتادا ناوی ڕۆژی یەک شەممەی گوڵ بوو، پاشان ناوەکەی کرا بە ڕۆژی جیهانی منداڵان.

 

لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری پاراستنی مافەکانی منداڵانیاندا، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز، ڕەنگ، ئایین و ڕەسەنی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی، بۆ دابینکردنی مافی سۆز، خۆشەویستی، تێگەیشتن، خواردنی پێویست، چاودێری پزیشکی، پەروەردەی ئازاد.