تاوانبارێک کە هەڕەشەی لە ژنێک کردبوو دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە ژنێکی گەنج کردبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکیدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەند ژنێک کردبوو.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی ژنێکی گەنج لە بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ سکاڵای یاسایی لەسەر کوڕێک تۆمارکرد کە ھەڕەشەی لێکردووە بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی، دوای لێکۆڵینەوەکان مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ، تۆمەتبارەکەیان بە ناوی "ھ. م. ق." لەدایکبووی ١٩٨٧ دەستگیرکرد.

 

تۆمەتبار لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا کە هەراسانکردنی ئەلکترۆنی و هەڕەشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژیانی عێراقییەکانی ڕووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە، ئەم دۆخە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەیە.