عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕادەگەیەنێت
ئێوارەی دوێنی لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا ئاگر کەوتەوە بەهۆیەوە چەند کەسێک مردن و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت بڕیارمانداوە قوربانییەکان بە شەهید هەژمار بکرێن.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ ئاگر لە نەخۆشخانەی "ئیبن خەتیب" لە ناوچەی پردی دیالە لە باشوری بەغدا کەوتەوە کە تایبەتە بە چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا، بەهۆیەوە چەندین کەس مردن و بریندار بوون، زیاتر لە ٢٠ تیمی ئاگر کوژێنەوە لە بەرگری شارستانی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ئەرکدا بوون.
بەپێی ئامارەکان کە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، ژمارەی قوربانییان گەشتووەتە ٨٢ مردن و زیاتر لە ١٠٠ برینداربوو، هەندێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە توشی تەنگەنەفەسی بوون، لە سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە لە بەغدا ئاماژە بەوەکراوە ئاگر کەوتنەوەکە لە بۆری گەیاندنی ئۆکسجینەوە بووە، و هۆکارەکەشی نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی سەلامەتییە لە نەخۆشخانەکەدا.
بەیانی ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سێ ڕۆژ ماتەمینی لە عێراقدا ڕاگەیاند، هەروەها بڕیاریدا قوربانیانی ئاگر کەوتنەوەکە بە شەهید هەژمار بکرێن، داواشیکرد هەرچی زووە هۆکاری ڕووداوەکە بخرێتەڕوو وتی پێم نەڵێن شۆرتی کارەبایە، چونکە ئەوە عەیبەیە و ئەوەی ڕوویدا تاوانە، فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ بەرپرسانی نەخۆشانەکە دەرکرد، سەرۆک وەزیران بڕیاریدا کە پشکنینی بەپەلە بۆ نەخۆشخانەکان بکرێن و ڕێوشوێنی سەلامەتی لە هەموو نەخۆشخانەکاندا پەیڕەو بکرێت.
سەرۆکی عێراق، جێگرى یهكهمى سهرۆكى ئهنجومهنى نوێنهرانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی و وەزارەتی دەرەوەی میسر هاوخەمی خۆیان بۆ ئاگر کەوتنەوەکە خستەڕوو، بە کارەسات بە ناویان کرد.

جینین بلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقیش لە ڕاگەیاندراوێکدا نیگەرانی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا بە پەیڕەوکردنی سیستمی پاراستن و ئاسایش ڕێگری دەکرێت لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە، جەختیشیکردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگی بە کەرتی تەندروستی عێراق دەدات تا کۆتایی هاتنی پەتای کۆرۆنا.
ت.پ