قەیرانی دارایی مەترسی لەسەر ملیۆنان خێزانی ئەفغانستان دروست دەکات

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی"ئۆچا" ڕایگەیاندووە، کەمی بودجە هەڕەشەی پەکخستنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکات لە ئەفغانستان، ئەمەش ملیۆنان خێزان دەخاتە مەترسی لەدەستدانی دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و چاودێری تەندروستی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەفغانستان تووشی قەیرانێکی مرۆیی خراپتر دەبێت کە مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دروست دەکات، دانیشتووان لە نێوان بەردەوامی تێکچوونی ئابووری و ئاسایشیدا بەدەست کەمیی خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنن، ئەم هەلومەرجە مەترسیدارانە ئاڵەنگاری مرۆیی بێ وێنە دەخەنە بەردەم وڵات و داوای کردەوەی بەپەلە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی"ئۆچا" لە ڕاگەیاندراوەکەیدا کە ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەم بڵاویکردەوە، هۆشداریدا لەوەی کە کەلێنییەکی بەرچاو لە بودجەدا هەڕەشەی تێکدانی یارمەتییە مرۆییەکان لە ئەفغانستان دەکات، ئەگەری هەیە ملیۆنان خێزانی لاواز لە مەترسی لەدەستدانی دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بمێنێتەوە.

 

اماژەی بەوەشکردووە، ئەم کەمییە دەبێتە هۆی پەکخستنی جێبەجێکردنی بەرنامە فریاگوزارییە گرنگەکان لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەم تا کانوونی دووەم، هەر پچڕانێکی ئەگەری ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاوکارییەکانی ڕزگارکردنی ژیان دەبێت، وەک دابینکردنی خۆراک، ئاوی پاک، پشتگیری پەروەردەیی و خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان کە ملیۆنان ئەفغانی پشتی پێدەبەستن.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە دابینکردنی بودجەی بەپەلە و بەردەوام زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری، هۆشداریدا لەوەی تەنانەت پچڕانی کورتخایەنیش دەتوانێت لێکەوتەی مرۆیی ڕاستی هەبێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان.

 

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری چەندین جار هۆشدارییان داوە کە هێڵی ژیانی یارمەتییەکان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبێتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی و خراپتربوونی پێداویستییەکان لەسەر زەوی.