قەدەغەی هاتووچۆ لە رۆژئاوای کوردستان بۆ هەفتەیەکی دیکە درێژکرایەوە

لە ڕۆژئاوای کوردستان کەبەهۆی بارودۆخی کۆرۆناوە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرابوو،بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکەش درێژ کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەیەرایەتیی خۆسەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، قەدەغەی هاتووچۆ لە ٣ی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات و تا ٩ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

 

ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەیەرایەتیی خۆسەر ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە لەوانە داخستنی سەرجەم قوتابخانە، پەیمانگە و زانکۆ و باخچەی ساوایان. هەروەها سوپەرمارکێت و شوێنەکانی فرۆشتنی سەوز و میوە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تاوەکو ١ی نیوەڕۆ کراوە دەبن.

 

بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەیەرایەتیی خۆسەر نەخۆشخانە گشتیی و دەرمانخانە و کاری رێکخراوە مرۆییەکان و نانەواخانەکان لەم بڕیارانە بەدەر دەبن، هەروەها دەوامی سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رادەگیرێت جگە لەو فەرمانگانەی خزمەتگوزاریی رۆژانە پێشکێش بە هاووڵاتیان دەکەن، هەروەها دەروازە سنوورییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە دەبن.

 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدات و دەڵێت:  ''مەترسی هەیە کە بەهۆی پابەندنەبوونی خەڵک شەپۆلێکی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بگرێتەوە''.