قەدەغەکردنی ناونوسینی خوێندکارانی سوننە لە قوتابخانەی ساکینە ناڕەزایەتی لە کانگان لێکەوتەوە
لەگەڵ دەستپێکردنی تۆمارکردنی قوتابخانەکان، ڕاپۆرتەکانی ناوچەی کانگان ئاشکرای دەکەن کە ژمارەیەک خوێندکاری کچی سوننە کە لە قوتابخانەی ساکینە ناویان تۆمارکردووە قەدەغەکراون، خێزانەکان ئەمە بە جیاکاری ئایینی و پێشێلکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن دەزانن.
ناوەندی هەواڵ
مافی پەروەردەی یەکسان بەبێ هیچ جیاکارییەکی ئایینی و نەتەوەیی بنەمایەکی بنەڕەتی مافە مەدەنییەکانە، کە لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان جێگیرکراوە، ئەمەش هەر تۆمەتێکی هەڵاواردن لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن دەکاتە بابەتێک کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ڕوون و ڕێوشوێنی دەستبەجێ هەبێت بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی.
ڕاپۆرتە خۆجێیەکانی ناوچەی کانگان لە پارێزگای بوشێهر، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناونووسینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ئاماژە بەوە دەکەن، کە چەندین خێزانی سوننە ڕاپۆرتیان کردووە، کە بەرپرسانی قوتابخانەی کچانی ساکینە ڕەتیانکردووەتەوە منداڵە کچەکانیان لە هەندێک پۆلدا تۆمار بکەن، ئەم خێزانانە ئەم هەنگاوەیان بە جۆرێک لە جیاکاری ئایینی پێناسە کردووە کە پێشێلکردنی مافی دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن بە شێوەیەکی یەکسانە و کاردانەوە و ڕەخنەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
چەندین خێزانی سوننە لە شاری کانگان ڕایانگەیاند، کە کارگێڕی قوتابخانەی کچانی ساکینە کە دەکەوێتە شەقامی مەلا سەدرا، ئامادە نەبوون ژمارەیەک خوێندکاری سوننە لە هەندێک پۆلدا تۆمار بکەن، ئەمەش وای لە خێزانەکان کرد کە ئەو کارە شەرمەزاربکەن کە بە کارێکی نایاسایی دەزانن لە پێشێلکردنی بنەماکانی دادپەروەری.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هەنگاوە نیگەرانی و ناڕەزایی خێزانەکانی لێکەوتووەتەوە، کە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە نابێت منداڵەکانیان لە مافی ناونوسینکردنیان لە قوتابخانە حکومییەکان بێبەش بکرێن و لەوێ درێژە بە خوێندنیان بدەن یان چێژ لە ئاسانکارییەکانی خوێندن وەربگرن تەنها لەبەر پەیوەندی ئایینییان.
خێزانی ئەو خوێندکارانە پێیان وایە هەرچەشنە سنووردارکردنێک بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن لەسەر بنەمای ئایین پێچەوانەی بنەمای یەکسانی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکانە بۆ هەموو هاوڵاتییان و دەکرێت لێکەوتەی نەرێنی درێژخایەنی بۆ داهاتووی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی منداڵەکانیان هەبێت.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەی خێزانەکان بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە کردووە و سکاڵایان تۆمارکردووە، دۆسیەکە ڕەوانەی سەرۆکی بەشی پەروەردە لە ناوچەی کانگان کراوە، بەڕێوەبەری پەروەردەکەی پەشیمانی خۆی لە ڕووداوەکە دەربڕی و کارەکانی ڕەباب سەفایی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی بە "لادان" پێناسە کرد.
بەڵام خێزانی ناڕازییەکان پێیان وایە ئەم وەڵامدانەوەیە، بەبێ بڕیارێکی بناغەی بۆ ناونوسینکردنی خوێندکاران و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە هەن، چارەسەری نیگەرانییەکانیان ناکات، ئەوان پێیان وایە پێویستە بەرپرسانی پەروەردە بە وردی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە و بە ڕوونییەکی تەواوەوە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕابگەیەنن.
دووبارەبوونەوەی جیاکاری
هاوکات بەشێک لە هاوڵاتیانی سوننە پەیامیان ناردووە و ڕایانگەیاندوە، کە ئەمە یەکەمین مامەڵەی جیاکاری نییە و پێشتر ڕووبەڕووی سنووردارکردن و هەڵاواردن بوونەتەوە لە بوارەکانی وەک پەروەردە و دامەزراندن و هەندێک فەرمانگەی حکومیدا، داواشیان لە دامودەزگا بەرپرسەکان کرد، لەڕێگەی پێداچونەوەیەکی سەربەخۆ بەم ڕاپۆرتانە، بنەمایەک بۆ مامەڵەی یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتییان دابمەزرێنن، بەبێ گوێدانە ئایین یان بیروباوەڕی ئایینی.
بێدەنگی فەرمی
تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری ڕەتکردنەوەی تۆمارکردنی ئەو خوێندکارانە و ئەو بنەمایەی کە کارگێڕی قوتابخانە بڕیاری لەسەر داوە، هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەکە دەرنەکردووە، ئەم بێدەنگییە بەردەوامەی دەسەڵاتداران لە کاتێکدایە کە خێزانی ناڕازییەکان داوای ڕوونی و مسۆگەری تۆمارکردنیان بۆ منداڵەکانیان کردووە، ئەوان پێشبینی دەکەن دامەزراوە پەروەردەییەکان دەستبەجێ چارەسەری ئەم بابەتە بکەن و ڕێگری لە هەر جۆرە هەڵاواردنێک بکەن لە پرۆسەی ناونوسینی خوێندکاراندا.
مافی پەروەردە لەسەر بنەمای یەکسان، بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین، ڕەگەز یان بیروباوەڕی کەسی، بنەمایەکی دانپێدانراوی مافە مەدەنییەکانە و مافێکە کە لەلایەن ئامرازە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیشەوە دووپات دەکرێتەوە، بۆیە هەر تۆمەتێکی جیاکاری لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و لێپرسینەوەی ڕوون و کردەوەی کاریگەرە لەلایەن دامەزراوە بەرپرسیارەکانەوە.