پیاوێک لە دیمەشق هاوژینەکەی کوشت
شەڕ سێبەرێکی دوورودرێژ دەخاتە سەر ژیانی ژنان و وایان لێدەکات ببنە سەرچاوەی سەرەکی پشتیوانی بۆ ئەو خێزانانەی کە لە قەیرانەکانیاندا خەبات دەکەن، لەبری ئەوەی بەدوای چارەسەردا بگەڕێن، ژیانی ژنان دەخرێتە مەترسییەوە، ئەوانیش زیانبەرکەوتوو دەبن.
ناوەندی هەواڵ
لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، پیاوێک بە چەکێک کە لەبەردەستیدا بوو کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، هەروەها هاوژینەکەی پێش خۆی کوشت، ڕووداوەکە لە شەقامی عەروبە لە کامپی یەرموک لە باشووری دیمەشق ڕوویداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هاوژینەکە بەهۆی برینداریەکی پێشووتر تووشی کەمئەندامی جەستەیی بووە، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە پاڵنەری سەرەکی پشت ئەم تاوانە فشاری بارودۆخی ژیان و ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختە بووە کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپی جیهادی هەتەشەی گرتۆتەوە.
شایانی باسە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە ژمارەی دۆسیەی تاوانکاری و کوشتنی چارەسەرنەکراو لە چەند شارێکی سووریا گەیشتووەتە ٣٨٦ کەیس و لە ئەنجامدا ٤٤٣ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٣٤٠ پیاو و ٣١ منداڵ و ٧٢ ژنن.