پەیامی نوێی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە

ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان جەژنی نەورۆز و ڕەمەزانی لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز کردو وتی: بە هەموو هێزێکمەوە پشتیوانی ئەم ڕۆح و ئیرادەیەی نەورۆز دەکەم و هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ وەک “ڕۆژی نوێ” بەرز ڕابگیرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پەیامێکی بۆ ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی ئامەد کە بە دروشیمی “نەورۆزی ئازادی و یەکێتیی دیموکراتیک” بەڕێوەدەچێت نارد و لە ئاهەنگەکەدا لەلایەن سیاسەتمەداری کورد وەیسی ئاکتاش بە زمانی کوردی و مەدیا ئاسڵان بە زمانی تورکی خوێندرایەوە.

 

دەقی پەیامەکە بەمشێوەیەیە:

“داستانی نەورۆز هەزاران ساڵە لە لایەن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەک جەژنی ژیانەوە و بەرخۆدان و بەهار پیرۆز دەکرێت.

 

نەورۆز ڕۆحی بەرخۆدان و ژیانەوەی گەلانمانی بوژاندەوە.

هێما و فیگەرەکانی نەورۆز نیشاندەری ڕۆحی ئەم ناوچەیەن. زوحاک نوێنەرایەتی سیستەمی شارستانییەتی دەوڵەت دەکات؛ مارەکانی سەر شانەکانی کە ڕۆژانە مێشکی دوو گەنج دەخۆن، نمایندەی دڕندەیی دەوڵەتی ئاشوورییە و کاوەی ئاسنگەریش هێمای بەرخۆدانە دژی ستەم.

 

ئەو شەڕە ئاینی و مەزهەبی و چاندییانەی کە هەزاران ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیرساون، گەورەترین لێدانن لە کولتووری پێکەوەژیانی گەلان. هەر ناسنامە و هەر باوەڕییەک هەوڵدەدات بکشێتەوە بۆ ناو توێکڵەکەی و ئەوانی دیکە بکاتە دوژمن بۆ ئەوەی درێژە بە بوونی خۆی بدات، بەمەش مەودای نێوان گەلەکانمان قووڵتر دەبێتەوە. بەها و کولتوورە هاوبەشەکانمان پشتگوێ دەخرێن، جیاوازییەکانمان وەک هۆکارێک بۆ شەڕ سەیر دەکرێن.

 

پێداگری لەسەر درێژەدان بە سیاسەتە دێرینەکان لە ناوچەکەدا ڕۆژانە کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو پارچەبوونەی کە سیاسەتەکانی سەرکوت و ئینکاری و دوژمنایەتی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستیان کردووە، بەداخەوە ئەمڕۆ وەک بیانوویەک بۆ دەستێوەردانەکانی ئیمپریالیزم بەکارهێنراون.

 

هەرچەندە ئەو شەڕە ئاینی و مەزهەبییانەی کە بۆ ماوەی سێ سەدە لە وڵاتانی ئەورووپادا بەردەوام بوون، بە پەیمانی وێستفالیا لە ساڵی ١٦٤٨ چارەسەر کران، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو ململانێیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەمڕۆ بووەتە هۆکاری تراژیدیای قووڵ بۆ گەلانمان. بەڵام ئەمڕۆ دەرفەتێکمان هەیە کە کولتوور و باوەڕەکان جارێکی تر بتوانن پێکەوەبژێن. ئەوە لە دەست ئێمەدایە کە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەکی ئازادیی بۆ هەموو گەلان. دەتوانین ئەو تراژیدیایانەی بەسەرماندا دەسەپێنرێن پێچەوانە بکەینەوە و ژینگەیەکی ئازادیی بۆ گەلان بونیاد بنێین.

 

ئێستا، لاپەڕە شاراوەکانی مێژوو ئاشکرا دەبن، ئەگەری ئاشتی نێوان گەلان و بونیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک لە زیادبووندایە. لەگەڵ تێپەڕاندنی نەریتی دەوڵەتی سوونە و شیعە و نەریتی نەتەوەپەرستی، دەرفەتی پێکەوە ژیانی ئازاد لە نێوان گەلان بەهێزتر دەبێت.

 

ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە. ڕێگا بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە کراوەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئازادانە پێکەوە بژێن.

ئەو پڕۆسەیەی کە لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ دەستمان پێکرد، ئامانجی زیندووکردنەوەی بناغەکانی یەکڕیزییە بەگوێرەی ڕۆحی نەورۆز.

 

بۆ ئەمەش پێویستە باوەڕمان بەوە هەبێت کە کولتوور و باوەڕەکان دەتوانن پێکەوەبژێن، دەتوانین بەسەر ئایدۆلۆژیا تەنگەکانی نەتەوەپەرستییدا زاڵبین و لەسەر بنەمای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ببینە یەک و پێکەوە هەبوونمان بونیاد بنێین. پێویستە ئەو هۆشیارییە بخەینەڕوو کە ئەمڕۆ دەتوانین بەسەر هەموو جۆرە شەڕ و هەژاری و دڕندەیییەکدا بەسەر بکەوین، وەک ئەوەی لە مێژووی ئێمەدا هەبووە.

 

نەورۆزی ٢٠٢٦ بە هەموو شکۆمەندییەکەیەوە نوێبوونەوەی ئەم مێژووەیە. مێژوو ئێستا سەرهەڵدەدات، بۆ هۆشیاری لەسەر بنەمای ناسنامەی کولتووری ڕاستەقینە، دەگاتە دەرفەتێکی مەزن.

 

مانا و هێزی نەورۆز وەک “ئێستا” لەسەر شانۆی مێژوو سەرهەڵدەدات. نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو گرنگییەکی مێژوویی وایان هەیە.

نەورۆزی ٢٠٢٦ لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە زیندوو دەبێتەوە، لەم ساتەدا بە هەنگاوێکی گەورە بە دیموکراتیکبوون و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەژێتەوە؛ ڕەنگی نەورۆز وەردەگرێت.

 

جەژنی نەورۆز وەک لە مێژووەکەی خەریکە زیندوو دەبێتەوە، کاریگەری خۆی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووپات دەکاتەوە و جارێکی دیکە ڕۆڵی خۆی وەک سیمبولی یەکێتی دیموکراتیک لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دەگێڕێتەوە. نوێبوونەوەیەکی گرنگ لە ئارادایە و بەردەوامیش دەبێت.

 

تا ئێستا نەورۆز بە بەها سیمبولییەکان پیرۆز کراوە. ئێستا نەورۆز نوێنەرایەتی خەونێک یان یۆتۆپیایەک ناکات، بەڵكو نوێنەرایەتی ژیانێکی کۆمەڵایەتی پێکهاتوو و پێشکەوتوو دەکات. نەورۆز ئەو ڕۆژەیە کە ئێمە تێیدا بە شێوەیەکی مانادار و هەم لە ڕووی جەستەییشەوە خۆمان دەناسینەوە.

 

لە جەژنی نەورۆزدا با خۆمان پاک بکەینەوە لە هەموو ئەو پەیوەندی و مانا خراپانەی کە بەردەوام دڵگرانمان دەکەن و بە شێوازێکی پەیوەندییەکی لێهاتوو، بە قووڵایی مانا، بە ئەخلاقێکی نوێی ئازادیی و بە تێگەیشتنێکی ئیستاتیک، باوەش بە ژیاندا بکەین.

 

با فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە هەموو پەیوەندییەکانماندا بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و ژیانێکی ئازاد بەدەست بهێنین. با لەوە تێبگەین کە نەورۆز ئیتر هیوا و خەون و تیۆری نییە، بەڵكو ساتێکی جێبەجێکردنی پراکتیکییە. وەرن با بە هۆشمەندییەکی تەواو و و قووڵی ماناوە وەڵامی ئەم ساتەی جێبەجێکردنی پراکتیکی بدەینەوە.

 

بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە دەستی ئێمەدایە ئەمساڵ بگۆڕین بۆ ساڵی ئازادیی ڕاستەقینە بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەریتی دۆستایەتی و یەکگرتنی نێوان گەلان بونیاد بنێین. دەتوانین بە کۆتاییهێنان بە پارچەبوونی ئەتنیکی و ئاینی-مەزهەبی و پێکدادانی براکوژی و بە مسۆگەرکردنی یەکێتیی هەموو کولتوور و باوەڕە ئاینییەکان لەسەر بنەمای ئازادیی و برایەتی ئەمە پێکبهێنین.

 

لە بەرامبەر ئەو داڕمانە گەورە کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەی کە مۆدێرنیتە سەرمایەداری دروستی کردووە، ئێمە گرێدراو بە ڕۆحی ئازادیی نەورۆز ڕێگەچارەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکمان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک و پرەنسیپە ئیکۆلۆژییەکان و ئازادیی ژن پەرەپێداوە.

 

با ڕێگە نەدەین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کولتوور بونیاد دەنێت لە لایەن زلهێزە هەژموونخوازەکانەوە بکرێتە گۆڕەپانی جەنگ. وەک چۆن لە مێژوودا ڕوویداوە، ئەمڕۆ دەتوانین پێکەوە ئاستەنگەکانی ئەم کولتوورە گەورەیە تێپەڕێنین کە بتوانێت ئازادانە خۆی دەرببڕێت و لەسەر بنەمای ناسنامە ڕاستەقینەکانی خۆی ئەنتێگرە بێت. کاتێک نەخۆشییەکانی نەتەوەپەرستیی و مەزهەبیی دەست لێبەربدەین و کولتووری مێژوویی یەکگرتنی هەزاران ساڵەی نێوان گەلانمان بەهێزتر بکەین، ئەوا هیچ بەربەستێک نامێنێت کە نەتوانین بەسەریدا تێپەڕین.

 

دەکرێت مرۆڤ بە ڕۆحی یەکێتی سیاسەتی دیموکراتیک دیارییبکات. ئەگەر بمانەوێت تێکۆشانی هەزاران ساڵەی ژێردەستان تاخدار بکەین، شوێنی ئەمە لە ژینگەی کولتووری سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا نییە، بەڵکو لە ژینگەی ئازادانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. دەتوانین ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەسەر ئەم خاکانە، لەسەر بنەمای یەکبینینێکی ڕاستەقینە و مرۆڤایەتیی، یەکێتی، یەکگرتن و دۆستانە نوێ بکەینەوە.

 

جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ڕۆحی جەژن ئاشتی و یەکێتیی گەش بکات

نەورۆزی ٢٠٢٦ یەکەم جارە کە گەلانمان بە گیانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک و ئاشتی و یەکڕیزی پیرۆز دەکرێت. بە هەموو هێزێکمەوە پشتیوانی ئەم ڕۆح و ئیرادەیە دەکەم و هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ کە بەڕاستی شایەنی ئەوەیە وەک “ڕۆژی نوێ” بەرز ڕابگیرێت، لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە ئامرازێک بۆ ڕێپێوانێکی شایستە؛ هیوای ئاشتی بۆ هەموو گەلانمان دەخوازم.

بە خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم.

 

عەبدوڵا ئۆجالان

زیندانی ئیمرالی

٢١ـی ئاداری ٢٠٢٦”