"پێویستە ڕێپێوانی ئازادی بە هێزەوە بەردەوام بێت"
ئامینە خدرۆ، وتەبێژی دەستپێشخەریی سووریا بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، باسی لە هەنگاوی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری بۆ پرسی کورد" کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەنگاوەکە هێندەی تر بەهێزتر ئەنجام بدرێت.
ڕاپەرین بەکر
حەلەب- هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری بۆ پرسی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد و زیاتر لە ٧٤ وڵاتی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، بەردەوامە لە گەشەکردن.
گەلی ناوچەکە لە دژی سیستمی جینۆساید و ئەشکەنجەدان بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد و ڕزگاربوون لە ستەم و دەسەڵات چوونە شەقامەکان و بەشدارییان لەوچالاکییانە کرد کە داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد و شکاندنی سیستمی ئەشکەنجەدانی ئیمرالی دەکرد.
سەبارەت بەو چالاکییانەی کە لە حەلەب بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دراون، ئامینە خدرۆ وتەبێژی دەستپێشخەری سووریا بۆئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری حەلەب، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"هەڵمەتەکە لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەوە"
ئامینە خدرۆ لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: لە سەرەتاوە هەنگاوەکانی کۆکردنەوەی واژۆ لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو. دواتر هەموو ڕێکخراوەکانی ناوچەکە ئەمهەڵمەتەیان گرتەبەرو فراوانتر کرا، لە ناوخۆی سووریا ئەوهەڵمەتانەی داوای ئازادی فیزیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن وەک شارەکانی لازقییە، سوێدا، حەلەب بڵاوبووەوە و چەندین چالاکی بۆ پشتیوانی هەڵمەتەکە بەڕێوەچوو.
"چالاکییەکان لە ئەوروپا دەنگێکی گەورەی دروستکرد"
ئامینە خدرۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژیانی ڕێبەر ئاپۆ لە میسر لێکدەدرێتەوە و چەندین پانێڵی ئەلیکترۆنی کە پێناسەی بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن بەڕێوەچوون، هەروەها باس لە گرنگی بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ لە چارەسەرکردنی دۆزی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپا کرا، ئەم هەڵمەتە لە وڵاتانی ئەوروپاشدا زۆر بەربڵاو بوو و خەڵکی ئەو شوێنانە لە بەرامبەر سیستمی جینۆساید و ئەشکەنجەدان لە دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وەستانەوە، چالاکییەکان لە ئەوروپا دەنگێکی گەورەی دروستکرد، گەیشتە ئاستێک کە یەکێتی ئەوروپا و سی پی تی باس لە دۆزی ڕێبەر ئاپۆبکەن.
"سی پی تی ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات"
ئامینە خدرۆ سەرنجی بۆ بێدەنگی سی پی تی لە بەرامبەر ئەو گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەی کە لە ئیمرالی بەردەوامە ڕاکێشا و وتی: بێدەنگی سی پی تی سەبارەت بە دۆخی ڕێبەر ئاپۆ و قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران ئاسانکاری دەکات بۆ سیستمی جینۆساید و ئەشکەنجەدانی دەوڵەتی تورکی فاشیست، ڕێبەر ئاپۆ زیندانییەکی سیاسییە و پێویستە مافی ئەوەی هەبێت بتوانێت پارێزەرەکانی ببینێت، پێویستە سیستمی جینۆساید و ئەشکەنجە کۆتایی پێبێت و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت، چونکە نوێنەرایەتی هەموو گەلان دەکات و بووەتە ڕەمزی ئاشتی.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئامینە خدرۆ درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: دوای بڵاوبوونەوەی هزری ڕێبەر ئاپۆ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، دەبینین گەل چۆن ئازادی خۆی بەدەستهێناوە، بەهۆی ئەوەوە، لە ناو ئەو چالاکییانەی کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا، دەستپێشخەرییەکی ئەمازیغی لەلایەن ئەنجومەنی جیهانی ئەمازیغەوە دامەزرا، بەهۆی ئەوەی بینییان ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەیکات بۆ پاراستنی ئازادی و هەموو گەلانە، هەروەها مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ژنان و دۆسیە سیاسییە پشتگوێخراوەکان و دۆسیەی کورد دەکات.