"پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کۆمەڵکوژییەکەی بەرخ بۆتان بکرێتەوە"
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕاگەیاندنێکی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک لە گوندی بەرخ بۆتانی کۆبانێ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی گوندی بەرخ بۆتانی لە کۆبانێ ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەم شێوەیەیە:
دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەم کارەدا هەموو یاسا نێودەوڵەتی و ئایینییەکان پێشێل دەکات، شەوی ڕابردوو لە درێژەی ئەو سیاسەتە تاوانکاریانەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆمەڵکوژییەکی لە دژی دانیشتووانی گوندی بەرخ بۆتانی لە باشووری کۆبانێ ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٩ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
کۆمەڵکوژی بەرخ بۆتانی یەکەم کۆمەڵکوژی نییە کە کەرەستەی جەنگی تورکیا لە دژی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گەلەکەی ئەنجام بدات. ئەمەش لەبەردەم چاوی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ بکەن و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ پشتیوانی دەوڵەتی تورکیایە بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگی زیاتر لە ناوچەکەدا.
ئێمە ئیدارەی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدانەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بەرامبەر بە ناوچەکە و گەلەکەمان و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم دامودەزگاکانی و هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەکەین هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانە ڕوون بکەنەوە و بێدەنگی خۆیان بشکێنن، چونکە ئەم گەلە لە جیاتی هەموو جیهان و لە شەڕی تیرۆری جیهانی کە داعش نوێنەرایەتی دەکات، منداڵەکانی خۆیان کردە قوربانی.
"پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێتەوە"
هەروەها داوا دەکەین لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە بکرێتەوە و دۆسیەی جینۆساید و تاوانی جەنگی کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ئەنجامدراوە، بخرێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانیان دەخوازین، گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ داوای مافەکانمان لە دەوڵەتی تورکیا بەهۆی جینۆساید و تاوانەکانی جەنگەوە، دڵنیاشیان دەکەینەوە کە ئەم کارە لە درێژەدان بە ڕێبازەکەمان لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەرو ئازاد دوورمان ناخاتەوە.