پۆستی بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندتوتیژی دژی ژنانی هەرێمی کوردستان دەدرێتەوە بە ژن

دوای ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەرێمی کوردستان بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وا بڕیارە ئەو پۆستە بدرێتەوە بە ژنێک.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- کوردۆ عومەر کە لە ساڵی ٢٠١٠-ەوە بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خیزانە لە هەرێمی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ بە ئەندام بوون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای ٢٢ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کە بەڕێوەبەرەکەی ژن بوو وا بڕیارە پۆستەکە بدرێتەوە بە ژن.

 

لەو بارەیەوە کوردۆ عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاژانسەکەمان وتی: "بڕیار دراوە کە دووبارە ژنێک ببێتە بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەرێمی کوردستان، ناوی چەند ژنێک دراوە بەڵام تا ئێستا ڕون نیە کێ دەبێت".

 

لە بەدواداچونێکی پێشتری ئاژانسی نوژنها سەبارەت بە  ڕێژەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی ژن لەناو بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستان ئەوە ڕوونبووەوە کە جیاکاری ڕەگەزیی لەو بەڕێوەبەرایەتییانەدا هەیە.

 

بەپێی ئامارێک کە دەست ئاژانسەکامن کەوتبوو ٦ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان هەن کە سەرجەمیان بەڕێوەبەرەکانیان پیاوە و ٢٨ نوسینگەش هەن بەشێکی زۆر کەم لە نوسینگەکان بەرپرسەکانیان ژنن، تەنها بەڕێوەبەری ژن، کوردۆ عومەر بوو.

 

بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و لقی بەڕێوەبەرایەتییەکان لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک، گەرمیان، ڕاپەرین و سۆران، بە نوسینگەکانیشەوە، ژمارەی کارمەندەکان هەزار و ٤٤٤ کارمەندە بە سەربازی و شارشتانیشەوە، لەو ژمارەیەش تەنها ٤٢١ کارمەندیان ژنن.