پێشەنگای فۆتۆگرافی بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کرایەوە

لە زنجیرە چالاکییەکانی پارێزگای هەڵەبجەدا بۆ یادی ٣٣یەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە مۆنۆمێتی شەهیدانی هەڵەبجە پێشەنگای فۆتۆگرافی بۆ وێنەکانی هەڵەبجە کرایەوە.

ژنها – هەڵەبجە
 
ئەمڕۆ مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە بەڕووی هاوڵاتیاندا کراوە بوو، کەسوکاری شەهیدان و ئەو کەسانەی بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە سەردانی هەڵەبجەیان کردووە، ڕوویان لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە کرد.
لە مۆنۆمێنتەکەدا لەلایەن لقی هەڵەبجەی شەهیدی کۆمەڵەی وێنەگرانی هەڵەبجە، پیشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ ژمارەیەک فۆتۆگرافی هەڵەبجە کرایەوە تێیدا ئەو وێنانەی نمایشکرابوون سەرجەمیان پێناسە بوون بۆ سروشتی جوانی هەڵەبجە.
 
لەلایەکی ترەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە هەڵەبجە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی دۆکیۆمێنتەری بۆ ڕۆژنامەنوس ئارام شەمێرانی کردەوە کە پێکهاتبوو لە نمایشکردنی وێنەکانی پێش کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەو چالاکیانەی دوای کیمیابارانەکە بۆ هەڵەبجە کراونەتەوە.
 
لەناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا، بۆ بەرز ڕاگرتنی یادەکە لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئەو گولـلە هاوەنانەی کە کیمیابارانی هەڵەبجەی پێکرابوو لە مۆنۆمێنتەکەدا ئەرشیف کراوە، بە گوڵی سروشتی ڕازێنرابوونەوە، بەو وایەی لەدوای کیمیابارانەکەش ژیانی هەڵەبجەییەکان بەردەوامە و ژیان جوان دەکەن.
 
ت.پ