پێشانگایەک ژنانی نەتەوە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە

سێ ژن لە سێ نەتەوەی جیاواز کورد، عەرەب و فارس کاری دەستی خۆیان لە پێشانگایەکی تایبەت بە کاری دەستی نمایش دەکەن، کە هەر یەکەیان کەلتورێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت.

سێ ژن لە سێ نەتەوەی جیاواز کورد، عەرەب و فارس کاری دەستی خۆیان  لە پێشانگایەکی تایبەت بە کاری دەستی نمایش دەکەن، کە هەر یەکەیان کەلتورێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت.

سلێمانی

 

پێشانگای کاری دەستی لە سلێمانی، ژنانی نەتەوە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە،و چەندین کەلتور و هونەری جیاواز نمایش دەکرێت، هەر یەکەیان بە بەرهەمی کاری دەستی وڵاتەکەیان بەشدارن.

 

ترێ ئەحمەد، ژنێکی کوردە، کارە دەستییەکانی هێناوەتە پێشانگاکە بەدەم گوێ گرتن لە گۆرانییە فۆلکلۆرەکانەوە، بازن و ملوانکە بە موروو دروست دەکات، ئەو دەڵێت: "دیمەنێکی زۆر جوانی هەیە هەر ژنێک بە کارێکی جیاواز بەشداری کردووە، ژنانی ئێران دەهاتن و دیاریان دەدامێ، ئەو تێکەڵ بوونە زۆر خۆشە، دراوسێکەم ئێرانییە".

 

جیران عەبدولغەنی، عەرەبە و خەڵکی بەغدایە، دڵخۆشە بە هاتنی بۆ پێشانگاکە، دەڵیت: "کارە دەستییەکان وەک زێڕێکی درەوشاوەن  وەک زێڕێک کە ڕازێندرابێتەوە بە زەنگیانە و موروو، هەندێک لە کارەکان باوەڕ ناکەیت کە کاری دەستیبێت"، دەشلێت: "لێرە کورد و عەرەب و فارس هەیە، هەموومان ژنین و هەموومان کاری دەستیمان هێناوە، جوانی ئەم پێشانگایە لەوەدایە کە کەلتورەکان تێکەڵی یەکتر بوون".

 

فەخریە زارع پور، ژنێکی فارسە و لە شیرازەوە هاتووە کاری خادەم لە ئێسکی ووشتر و دار دەکات و دەینەخشێنێت، باس لەوە دەکات لە سلێمانی ڕێزێکی زۆر لە کارە دەستییەکان دەگیرێت، هیواش دەخوازێت جارێکی دیکە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت لەگەڵ ژنانی کورد و عەرەبدا بەیەکەوە کاری دیکە بکەن، دەڵێت "کاری ژنانی کورد وەک کارەکانی ئێمە بێهاوتایە".

 

ماوەی سێ ڕۆژە لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی بە بەشداری ٢٥ ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ٤٠ ژنی باشوری کوردستان و چەند ژنێکی عەرەب پێشانگایەکی کاری دەستی لەلایەن لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران لەگەڵ بەشی ڕۆشنبیری کونسوڵی ئێران کراوەتەوە، ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە پێشانگاکەدا، چەندین کاری دەستی، خواردن، جوانکاری ناوماڵ، ئێکسسوارات، جلی کوردی و بەرهەمی خۆماڵی نمایش دەکرێت، سێ کەلتوری جیاواز تێکەڵ بە یەکترن.