پێشانگایەک بە ناوی "وەستاندنەوە بەرامبەر توندوتیژی زارەکی" بەڕێوەچوو

بەهۆی ئەوەی چالاکوانانی مافی ژنان ڕۆژانە چەندین کۆمێنتی نەشیاویان بۆ دەچێت لەسەر کارەکانیان، بۆیە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان هەستا بە کردنەوەی پێشانگایەک کە تێیدا کۆمێنتە نەشیاوەکان نیشان دران.

سلێمانی

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ٧ی کانوونی یەکەم، ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانPDO لە درێژەی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەستا بە کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەت بە ناونیشانی "وەستاندنەوە بەرامبەر توندوتیژی زارەکی".

 

لە پێشانگاکەدا کە لە کارگەی جگەرەکە بەڕێوەچوو، ئەو کۆمێنتە نەشیاوانەی ڕۆژانە بۆ چالاکوانانی بواری مافی ژنان دەچن کرابوون بە تابلۆ و نیشانی سەردانیکەران دەدران کە ژمارەیان شەش چالاکوانە پێنج ژن و یەک پیاو، یەکێک لەو ژنانە بەهار مونزیرە کە بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانە، ژمارەی تابلۆکانیش ٣٥ تابلۆیە جگە لە پێشانگایەکی دیکە کەلەناو پێشانگاکەدا کرابووەوە و ئەو کۆمێنتە نەشیاوانە دانرابوون کە زۆر ڕووخێنەرن و نەگونجاون بۆ کۆمەڵگا.

 

بەهار مونزیر، دەربارەی پێشانگاکە ئاماژە بەوەدا، لە مێژە پلانیان هەیە بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی لەو شێوەیە و کارکردن لەسەر زمانی نەشیاو بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەروەها وتی: "بۆ هەر کۆمێنتێکی نەشیاو کە بۆمان هاتووە لە بەشی ژێرەوەی تابلۆکاندا، زمانێکی گونجاومان داناوە واتە هەموو کەسێک کە وتەیەکی نەشیاو دەنوسێت دەتوانێت لەبەرامبەردا بە زمانێکی گونجاو بنوسێت، واتە ڕەخنە بگرێت بەڵام لە چوارچێوەیەکی گونجاودا".

 

ڕاشیگەیاند کە ئامانجی ئەم پێشانگایە ڕوونکردنەوەیە بۆ هاوڵاتیان کە توندوتیژی زارەکی نە مافە نە ئازادییە بەڵکو بریندارکردن و شکاندنەوەی کەسانی بەرامبەرە.

 

بەهار مونزیر وەک ڕێکخەری پێشانگاکە باسی لەوەکرد، پلانیان هەیە لە داهاتوودا لە چەندین جێگای جیاوازدا و لەناو هاوڵاتیاندا ئەم پێشانگایە نمایش بکەن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پێش نووسینی هەر کۆمێنتێک بیر بکەنەوە، هەروەها لە پلانیاندا هەیە پانێڵێک دەربارەی ئەم بابەتە ڕێکبخەن.