دوای ١٢ ڕۆژ لە هێرشەکان ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

لە دوانزەیەمین ڕۆژی دەستپێکی ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان ئێران و هێزەکانی ئیسرائیل، دوای ئەو وێرانکارییەی بەهۆی بۆردوومانەکان هەبوون، هەردوولا ئاگربەستیان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٣ی حوزەیران، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی مووشەکییان بۆ سەر شارەکانی ئێران دەستپێکرد، بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی سەربازی و بەرپرس و هاوڵاتی مەدەنی کوژران، ئێران وەڵامی دایەوە و زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل ئەنجامدا، کە دیارترینیان تەل ئەبیب، حەیفا، بیرشەبا و ناوچەکانی دیکە بوون.

 

لە ١٢یەمین ڕۆژی دەستپێکردنی ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران، هەردوو لایەنی شەڕکەر ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست، ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ، پێشەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەر لەبەیانی لە تۆڕی کۆمەلایەتی هەواڵەکەی ڕاگەیاند، ئێران بە فەرمی دەست بە ئاگربەستەکە دەکات، لە ١٢ کاتژمێریشدا ئیسرائیل پەیوەندی بە ئاگربەستەکەوە دەکات، و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا جیهان بە فەرمی ئاهەنگ دەگێڕێت بە کۆتایی هاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە.

 

ڕاگەیاندنەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، زیاتر لە کاتژمێرێک پێش ئەوەی ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێران شەش مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە و ئاگادارکەرەوەی هێرشە ئاسمانییەکانیش لە ئیسرائیل لێدراوە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئەو مووشەکانە زیانی بەرچاو و ژمارەیەکیش زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.

 

تا ئێستا بەرپرسانی هەردوولا وەڵامی ئەو ڕاگەیاندنەیان نەداوەتەوە، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەردوولا ئاگربەستەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشە ئاسمانییەکان شەپۆلێکی کوشتن و وێرانکاری لە هەردوو وڵاتدا هەڵگیرساندووە، بارودۆخەکان هێندەی تر قورستر و مەترسیدارتر دەکەن بۆ ئەو کەسانەی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە دەستپێکردنی شەڕەکەدا نەبووە.

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران و پڕ دانیشتووترین شارەکەی زیانی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە، هەزاران کەسی دانیشتووانی ناچارکردووە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، جگە لە زیانەکانی شەڕەکە، شارەکانی دیکەی ئێران ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخ و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کەلوپەلی سەرەتایی بوونەتەوە، نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی بانکی، پرسەکانی دانیشتووانی زیاتر کردووە.

 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین شاری ئیسرائیل ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی ئێران بوون و ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژران و بریندار بوون، زۆرێک لە ناوچەی نیشتەجێبوون وێران بوون، ئامارە نافەرمیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە هێرشەکانی ئەم دواییە کوژراون دوێنێ وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا ١٦٣ ژن برینداربوون و ٤٤ ژنیش گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا دوو ژن لەگەڵ کۆرپەلەکانیان گیانیان لەدەستداوە.