"پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک بۆ عێراق چارەسەرە"

چالاکوانان و پارێزەرانی مافەکانی ژنان لە عێراق لە وۆرکشۆپێکدا لە شەنگال ڕایانگەیاند، پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگای چارەسەری قەیرانەکان و کێشەکانی عێراقە.

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال- دوێنێ لە شەنگال، لە چوارچیوەی تێکۆشانی دژ بە گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وۆرکشۆپێک لەسەر نەتەوەیی دیموکراتیک بەدروشمی "نەتەوەی دیموکراتیک چارەسەرێک بۆ قەیرانەکانی عێراق دەهێنێتە ئاراوە" ڕێکخرا، سەرجەم دامودەزگا و دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرییەکانی شەنگال و چەندین نووسەر و ڕێکخراوی ژنان و لایەنە ئەکادیمییەکان، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان، بەرپرسانی دەزگا مرۆییەکان و نوێنەرانی گروپە باوەڕدارەکانی باشوری کوردستان و شارەکانی عێراق تێیدا بەشداربوون.

 

"دڵمان هەمیشە لە شەنگال بووە"

وۆرکشۆپەکە کە لەلایەن چەندین میوانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا، بوشرا ئەلقیلین، سەرۆکی ڕێکخراوی بەهێزکردنی ژنان و لاوان لەعیراق و هەروەها سەرۆکی ئاژانسی هەواڵی ئەلمیزان لە سەرەتای قسەکانیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی: "یەکەم جارمە یەمە شەنگال، ئێمە لەباشوری عێراق سیفەتی بێهودەیمان هەیە و نەتەوەپەرست و کەسانی ئاین پەرست نین، ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین کە ئەم کۆمەڵگەیەم لە نزیکەوە لە شەنگال ناسی، تەنانەت کاتێک گەڕامەوە، ئەو پێشکەوتن و ئازارەی کە تێیدا بوون و هەستم پێکردووە، لەگەڵ هەموو کەسێکدا هاوبەش دەکەم، ئێمە وەک ژنان دەست دەخەینە ناو دەستی ژنانی ئێزدی".

 

"ئۆجالان هەمیشە بیرو بۆچوونەکانی خۆی بۆ ئازادی دەربڕیوە"

بوشرا ئەلقیلین هەندێک لەو شتانەی خستەڕوو کە سەرنجی ڕاکێشابوو لە شەنگال و باسی لەوەکرد: "من زۆر حەزم بەوە بوو کە بینیم وێنەکانی بەڕێز ئۆجالان لە هەموو ئەو خانوانەی کە لە شەنگال سەردانم کردبوو هەڵواسرابوون، منیش یەکێکم لە خۆشەویستانی فکر و بیرکردنەوەی بەڕێز ئۆجالان، من توێژینەوەیەکی زۆرم لەسەر پڕۆژەکەی کردووە و لەگەڵ کچەکانم بڵاوم کردووەتەوە و تا ئێستا بیرۆکەکانم لەگەڵ زۆر کەسدا باس کردووە، هیوادارم هەمووان بەدروستی لە بەڕێز ئۆجالان تێبگەن و کتێبەکانی بخوێننەوە، بەڕێز ئۆجالان یەکێکە لەو کەسە گەورانەی کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت".

 

"هێز و بەشداری ژنان لە سیاسەتدا گرنگە بۆ دیموکراتیزەبوونی عێراق"

سەمیرە عابد هیرمز، سکرتێری لقی قەرەقوشی کۆمەڵەی ژنانی عێراق پیرۆزبایی لە هەمووان کرد بەبۆنەی ئەم وۆرکشۆپە و وەک هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و ژنان ناوی بردو وتی: "لە سەرەتای ئەم وۆرکشۆپەدا پیرۆزبایی لە هەموو کەسێک دەکەم کە لێرە ئامادەن و هیوای ئەوە دەخوازم کە ئەم جۆرە کارانە سەرکەوتن و ماف بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی مافی گەلی عێراق و ژنانی عێراقی، ژنان ئەوانەن کە زیاتر ئازاریان چەشتووە بۆیە هیوادارم ڕۆڵی ژنان پێشەنگ بێت لە ڕووی سیاسەت و بڕیاردانەوە بەرەوپێش بچن".

 

سەمیرە عابد هیرمز پیرۆزبایی لە هەموو ژنان کرد بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار و باسی لە بابەتەکانی وۆرکشۆپەکە کرد و وتی: ٨ی ئادار لە هەموو ژنان و ژنانی عێراق بەتایبەتی پیرۆز دەکەم، تەوەری وۆرکشۆپەکەمان لەسەر پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری و مافەکانی نەتەوەکانی عێراق بوو هیوادارین کۆمەڵگەی ئێزدی پاش ئەو سەختییە زۆرەی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بینیبووی مافەکانی خۆی بەدەستبێنێت، هیوادارین یەکێک بێت لەبڕیارە سەرەکییەکانی پەرلەمانی عێراق و بەڕوونی باس لەمافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بکرێت".

 

"باوەڕم بە هێزی ئۆجالان هەیە"

سەمیرە عابد هیرمز داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ فکر و بۆچوونەکانی دەربڕی و وتی: "پێش هەموو شتێک ئازادی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانم دەوێت، من باوەڕم بە بیروبۆچوونە پێشکەوتووەکانی هەیە و پشتگیری پارتەکەی دەکەم کە بەرگری لەمافەکانی مرۆڤ دەکەن من پشتگیری لە بیرۆکەکەی دەکەم بۆ داواکردنی مافی هەموو گەلان، هیچ جیاوازییەک لەنێوان هیچ نەتەوەیەکدا ناکات هیوادارین ئەم وۆرکشۆپە بڕیاری خزمەتکردن بە کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجام بدات".