پەروین بوڵدان: نەبیستنی هاواری ئەمینە شەنیاشار بێویژدانییە

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە کە لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەدەپە میوانی "سفرەی دادپەروەری" بنەماڵەی شەنیاشار بوون وتی: "نەبیستنی هاواری ئەم دایکە ناویژدانی و نایاساییەکی گەورەیە".

ڕەحا

ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار و فەریت شەنیاشاری کوڕی لە بەردەم دادگای ڕەحا لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ەوە بەردەوامە، ئێوارەی دوێنێ پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتیی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" هەروەها ئەبرو گونەی وتەبێژی هەدەپە و پەرلەمانتارانی هەدەپە عومەر ئۆجالان و ئایشە سوروجو و چەندینی دیکەش میوانی "مێزی دادپەروەری" بنەماڵەی شەنیاشار بوون و بۆ بەربانگ لەبەردەم دەرگای دادگا بوون.

 

پێش بەربانگ پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە قسەیکرد و داوای لە کەسایەتییەکانی تورکیا کرد کە دەستبەجێ کۆتایی بەم زوڵمە بهێنن، هەروەها تیشکی خستە سەر کوشتنی هاوژین و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار و دەستگیرکردنی کوڕەکەی و وتی: "ئەمە بە هیچ یاسا و ویژدانێک ڕوون نەکراوەتەوە، بۆیە جارێکی تر داوا لەو کەسانە دەکەین کە ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن، کۆتایی بەم زوڵمە بهێنن، ئەم دایکە باش دەزانێت کە ونبووەکانی نایەنەوە بەڵام ئێشکگری بۆ ئازادکردنی کوڕەکەی کە لە زینداندایە دەستپێکردووە، ئێمە جارێکی تر دەڵێین کە هەرکەسێک دەبێت ئەم ئێشکگرییە ببینێت، ئێمە جارێکی تر ئەم داواکارییە دووبارە دەکەینەوە ئێمە لەگەڵ بنەماڵەی شەنیاشارین و باش دەزانین کە چی نایاساییەک بەسەریاندا هاتووە، جارێکی تر داوا لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە دەکەین ئەم نایاساییە کۆتایی پێبهێنن".

 

"تەنها مردن دەتوانێت من لێرە لاببات"

دایکە ئەمینە شەنیاشار کە لە ڕۆژی ٤٠٠هەمیندا بەردەوامە لە ئێشکگری دادپەروەری ئاماژەی بەوەکرد کە تەنها مردن دەتوانێت ئەو لەبەردەم دەرگای دادگا لاببات.

 

دوای وتارەکان بە نزاوە چوونە سەر سفرەی دادپەروەری و دانیشتن.