"پەرەسەندنی لە سێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێشێلکاریی مافی ژیانە"

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بڵاوی کردەوە، لە سێدارەدان بێ گوێدانە هەر پاساوێک پێشێلکاریی ئاشکرای مافی ژیانە و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتیی، نابێت تەنیا دەربڕینی نیگەرانی بێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە پەرەسەندنی لە سێدارەدانەکان لە ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

 دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەم شێوەیەیە:

“ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە پەرەسەندنی کەم وێنەی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، لەسێدارەدانی زیاتر لە ٨٥٠ زیندانی لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تاوەکو ئێستا و لەنێویدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی لە سێدارەدانی چالاکانی سیاسی و ژنان ئاماژەیە بۆ خێراکردنی ئەو ڕەوتە مەترسیدارەی کە دەتوانێت کوشتارێکی دیکەی بێ وێنەی حکومەت لە مێژووی ئێراندا تۆمار بکات.

 

 هاوکات، لەگەڵ زیادبوونی ململانێ و گرژییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا بەڵگەکان دەری دەخەن سزای لەسێدارەدان زیاتر لە جاران وەکو دزگایەکی کوشتار بۆ دروستکردنی ترس لەنیو کۆمەڵگە و پاشەکشە بە داواکارییەکانی خەڵک، هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان بەکاردەهێنرێت.

 

لەم چوارچێوەیەشدا سەرکوت و بێدادیی دەزگای ئەمنی و دەسەڵاتی دادوەری حکومەتی ئێران لە بەرانبەر خۆپیشاندەران و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لایەنی فراوانتری بە خۆوە بینیوە، دوای ڕاپەڕینەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، سزای لەسێدارەدانی دەیان کەس لە خۆپیشاندەران بە ڕێکاری نایاسایی و پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانه، بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر جێبەجێ کراوە.

 

لەو نێوەشدا کوردستان یەکێکە لە سەرەکیترین ناوەندەکانی سەرکوتکردنی سیستماتیک لە ئێران و بە تۆمەتەکانی وەکو بەغی و ئەندامبوون لە حیزبەکان چالاکوانانی کورد لەسێدارە دەدرێن و هەڕەشەی مەرگیان لێ دەکرێت.

 

هەروەها، ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان و زیندانییانی سیاسی بە تایبەتی گیراوانی سیاسیی ژن، کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە ڕووبەڕووی مەترسی جدی بوونەتەوە، هەر بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی ژیانی ئەو گیراوانە لە هەموو توانا یاسایی و دیپلۆماسییەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانە کەڵک وەربگرن، بێگومان وەلانان یان پەراوێزخستنی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەرفەت بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی کوشتار خۆش دەکات.

 

هاوکات، پێویستە میکانیزمە یاساییەکانی وەکو کۆکردنەوەی سیستماتیکی بەڵگەکان و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و گوشار بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە بە پەلە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.

لە بەرانبەر ئەو ستراتیژیەی ڕێژیم کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن بەڕێوەدەچێت گرنگیی ڕۆڵی بنەماڵەی زیندانییان، کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیاکان و ڕای گشتی زیاتر لە هەموو کاتێک دەردەکەوێت، بڵاوکردنەوەی زانیاری و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ڕێگر بێت لە پەراوێزخستنی دۆسییەکان و جێبەجێبوونی ئەم تاوانانە، پێویستە بە زیادکردنی تێچووی سیاسی و نێودەوڵەتی لەسەر ڕژیم پێش بە پەرەسەندنی ڕەوتی سەرکوت و جێبەجێکردنی سزاکانی لە سێدارەدان بگیڕێت و کۆتاییان پێ بهێنرێت.

لە سێدارەدان بێ گوێدانە هەر پاساوێک پێشێلکاریی ئاشکرای مافی ژیانە و بەرپرسیاریتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی نابێ تەنیا دەربڕینی نیگەرانی بێت و پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا، هەماهەنگ و کاریگەر هەیە بۆ وەستاندنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزاکانی لە سێدارەدان، هەروەها لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دژە مرۆییە.