کۆنگرەی ستار: هەزار و ٥٧٥ نامە لە قامیشلۆوە بۆ ڕێبەر ئاپۆ نێردراوە

کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، هەزار و ٥٧٥ نامە لە قامیشلۆوە بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نێردراوە و دەڵێت: ڕێبەر ئاپۆ سەرکردایەتی چارەسەری هەموو کێشەکان دەکات.

قامیشلۆ

 

ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بەو نامانەی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نێردراوە بڵاوکردەوە، ڕاگەیەندراوەکە لە بەردەم ناوەندی کۆنگرەی ستار و بەبەشداری دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنان درا.

 

ڕیحان تەمۆ، ئەندامی کۆردیۆناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە و سەرنجی ڕاکێشا بۆ ئەو نامانەی کە ژنان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان ناردووە. وتێ: بەمەبەستی گەیشتن بە دادپەروەری و دیموکراسی و ئاشتی و یەکسانی، کۆنگرەی ستار بەشداری کەمپینی "دەمەوێت بە ئازادی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بژیم و ڕێبەر ئاپۆ ببینم" کردو بۆ ئەم هەڵمەتە لە شاری قامیشلۆ چالاکی ئەنجامدرا، لە قامیشلۆ ڕێپێوان ئەنجامدرا بۆ بانگەوازی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک. کۆنگرەی ستار و ژنانی ناوچەکە پێشەنگایەتی ڕێپێوان و چالاکییەکانیان کرد، هەروەها پانێڵ لەسەر ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لە ئاشتی و بونیادننای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو. مانیفێستۆی ئاشتی خوێندرایەوە و بۆچوونی گەل وەرگیرا.

 

"ژنان هەزارو ٥٧٥ نامەیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ نووسیوە"

ڕیحان تەمۆ وتی: ژنان زیاتر لە هەزار و ٥٧٥ نامەیان ناردووە بەو هیوایەی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی کەسی ببینن، لەم نامانەدا هیوایەکی زۆریان دەربڕی کە ڕێگای یاسایی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بکرێتەوە. چونکە ڕێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەهێز و چالاک ڕۆڵی مێژوویی خۆی دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دەستەبەرکردنی ئاشتی و لە تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی کە پێیدا تێدەپەڕین، ئێمە لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ تێدەکۆشین، کە هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەل و بەتایبەت گەلی کورد لە ڕێگەی پیلانگێڕییەوە دەدا. ئەم پیلانگێڕییە ئیدانە دەکەین. ئێمە دەمانەوێت ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی جەستەییەوە بە ئازادیی ببینین.