پرۆفیسیۆر نەهلە محەمەد: پەیامم ئەوەیە ژنان نەترسن و هۆشیاریان بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە گرنگە

لە جیهانێکدا کە تەکنەلۆژیا خەریکە نەخشەی کارو ژیان دەگۆڕن، ژنان چیتر تەنها بەکارهێنەر نین، بەڵکو دەتوانن ببنە بزوێنەری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییانە، نەهلە محەمەد، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: ئەگەر زیرەکی دەستکرد بە هۆکاری خراپ بەکاربهێنن دەبێتە سەرچاوەی کێشە.

 

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ لە سەردەمێکدا کە جیهان بە خێراییەکی بێوێنە بەرەو ئاسۆکانی ژیری دەستکرد و زانستی کۆمپیتەر هەنگاو دەنێت، پرسی بەهێزبوونی ژنان چیدی تەنها دروشمێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پێویستییەکی تەکنەلۆژی و زانین، تەکنەلۆژیا بۆ ژنی کورد تەنها ئامرازێکی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو دەروازەیەکی نوێیە بۆ شکاندنی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە ساڵانێکی درێژ دەرفەتی گەشەی لێ زەوت کردبوون، ئێستا کاتی ئەوەیە ژنان پێناسەیەکی نوێ بۆ کارامەیی و کاریگەریی خۆیان لە بازاڕی کار و ناوەندی بڕیاردا بکەن. مێژووی زانستی کۆمپیتەر نیشانی دەدات کە ژنان لە سەرەتاوە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە، وەک ئادا لۆڤلەیست، کە یەکەم کەس بوو کە تێگەیشت کۆمپیوتەر دەتوانێت لە تەنها ژمارە تێپەڕێت. ئەو یەکەم "ئەلگۆریتم"ی نووسی کە بۆ جێبەجێکردن لەسەر ئامێرێک دیزاین کرابوو.بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا جیاوازییەکی ڕەگەزی لەم بوارەدا دروست ببوو. ئێستا، بە هاتنە کایەی زیرەکی دەستکرد و کارکردن لە دوورەوە "Remote Work"، ژینگەیەکی نوێ دروست بووە کە ڕێگە بە ژنان دەدات بەربەستە جوگرافی و کاتییەکان ببڕن. ئامارە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کۆمپانیایانەی ژنان لە بەشە تەکنەلۆژییەکانیدا کار دەکەن، ئاستی داهێنان و بەرهەمهێنانیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزترە.

 

ژنان هەمیشە لە پشت پەردەی گەورەترین وەرچەرخانە دیجیتاڵییەکانەوە بوون

مێژووی داهێنانە تەکنەلۆژییەکان پێمان دەڵێت کە ژنان هەمیشە لە پشت پەردەی گەورەترین وەرچەرخانە دیجیتاڵییەکانەوە بوون، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت، قۆناغێکی جیاوازە؛ قۆناغی سڕینەوەی جیاوازیی ڕەگەزییە لە بەردەم زانیاریدا. لە کوردستانیشدا، کە کۆمەڵگە بە قۆناغێکی ڕاگواستنی ئابووریدا تێدەپەڕێت، تەکنەلۆژیا دەبێتە ئەو پردە ستراتیژییەی کە کچانی گەنج و ژنانی خاوەنکار دەگەیەنێتە ئاستی جیهانی. کاتێک ژنێک لە شارێکی وەک سلێمانی، هەولێر یان دهۆک شارەزایی لە زانستی کۆمپیتەر و زمانەکانی پرۆگرامسازی پەیدا دەکات، ئەو چیدی تەنها سنوورە جوگرافییەکانی ناوخۆ نایبەستێتەوە، بەڵکو دەتوانێت لە ڕێگەی کارکردنی دوورەدەست و پلاتفۆرمە جیهانییەکانەوە، سەربەخۆییەکی دارایی بۆ خۆی دەستەبەر بکات کە پایەکانی خێزان و کۆمەڵگەش بەهێزتر دەکات.

 

قوڵی کاریگەریی ژیری دەستکرد لەوەدایە کە دەبێتە "هێزێکی زیادکراو" بۆ تواناکانی ژنان؛ ئامرازە زیرەکەکان دەتوانن لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە بچووکەکانەوە تا دەگاتە شیکردنەوەی داتای ئاڵۆز و مارکێتینگی مۆدێرن، هاوکاری ژنان بن بۆ ئەوەی بە کەمترین کات و تێچوو، گەورەترین کاریگەریی دروست بکەن. لە کوردستاندا کە زۆرێک لە ژنان بەهۆی ئەرکە خێزانییەکانەوە ڕەنگە کەمتر دەرفەتی چوونە ناو بازاڕی کارە نەریتییەکانیان هەبێت، زانستی کۆمپیتەر و فەزای دیجیتاڵی وەک ڕزگارکەرێک دەردەکەون، چونکە ئەم بوارە دان بە ڕەگەزو شوێندا نانێت، بەڵکو تەنها دان بە "داهێنان" و "کارامەیی"دا دەنێت.

سەرکەوتنی ژن لە جیهانی دیجیتاڵی هەنگاو بەرەو دادپەروەری

بۆیە، پێویستە ژنی کورد ئەم شۆڕشە تەکنەلۆژییە وەک شۆڕشێکی بیرو ئابووری ببینێت، پێشخستنی کارەکان لە ڕێگەی ئۆتۆماتیکردنی ئەرکە ڕۆژانەکان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ پەرەپێدانی بەرهەمەکان، تەنها هەنگاوێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بەرەو سەلماندنی ئەوەی کە ژنان دەتوانن لە سەردەمی "داتا"دا ببنە نەخشەداڕێژ و بڕیاردەری سەرەکی. داهاتووی ئاوەدانی و پێشکەوتنی کوردستان، بەستراوەتەوە بەو ڕادەیەی کە تا چەند ژنانی ئێمە دەتوانن کلیلی تەکنەلۆژیا لە دەستی خۆیاندا بگرن و بیخەنە خزمەت خەونە پیشەییەکانیان، چونکە هەر کاتێک ژنێک لە جیهانی دیجیتاڵیدا سەرکەوت، هەموو کۆمەڵگە هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری نزیک دەبێتەوە.

 

" زیرەکی دەستکرد رێگەیەکی نوێێ کردۆتەوەی بۆ ئەوەی کە ژنان چۆن تواناکانی خۆیان بزانن"

پرۆفیسۆر نەهلە محەمەد سەعید، مامۆستای زانکۆ لە بارەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سودەکانی و لایەنە نەرێینییەکانی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد ، بابەتێکی سەردەمیانەیەو زۆر گرنگە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە گەر باس لەم ناوچەیە بکەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و  گەر باس لە عێراق هەرێمی کوردستان بکەین، لەبەر ئەوەی ئێمە بەرامبەر شۆرشێکین کە شۆرشی تەکنەلۆژیایەو پێی دەڵێن زیرەکی دەستکرد بۆیە دەبێت تا دەتوانین زانیارییەکی تەواومان هەبێت لەسەر زیرەکی دەستکرد، بۆ ئەوەی سودی لێ ببینین، ئایا تا چەند دەتوانێت سودمان پێ بگەیەنێت، بێگومان هەر بابەتێکی نوێ سەر هەڵبدات، لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، پێشەکیەکەی بەلایەنێکی نەرێینی دەستپێدەکات،  چونکە زانیاری و ئەزموونمان نییە لەسەر بەکارهێنانی  تەکنەلۆژیاکە، ئەمەش کێشە سەرەکییەکە بۆ ژنان دروست دەکات، لەبەر ئەوەی وەک سروشتی ژنان ترسمان هەبێت لەوەی کە هەموو ژنێک نەتوانێت خۆی لەم باباتە سەردەمییە بدات، بەلام خۆشبەختانە زیرەکی دەستکرد رێگەیەکی نوێێ کردۆتەوەی بۆ ئەوەی کە ژنان چۆن تواناکانی خۆیان بزانن و سودی لێ ببینن، بۆ ئەوەی بتوانین سود لەم بابەتە ببینین بۆ پرۆژە بچوکەکانمان پێویستمان بە مۆبایلێکی زیرەک و یاخود ئایپاد و لاپتۆپەوە سود لە  هەموو ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد وەربگرین، لێرەدا دەمێنیتەوە ئەو پرۆژە بچوکانەی کە ژنان دەتوانن ڕۆڵی تێدا ببینن، بەتایبەت ئێمە وەک و هەرێمی کوردستان کە لە رووی کولتوورەوە بگونجێت لەگەڵماندا و پەرە بە خۆمان بدەین، بە بێ گوێدانە بەربەستەکان و لە ئێستادا دوو خاڵی سەرەکی هەن کە بوونەتە رێگر لەبەردەم پیشکەوتنی ژناندا،  یەکەمیان هۆشیاریان نییە لەسەر بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد، دووەم تا ئێستا ئەم بابەتە مافی خۆی نەدراوە پێی، لایەنی پەیوەندیدار چۆن بتوانێت لە رێگەی کردنەوەی خول و وۆرک شۆپ و یاخود شوێنێکی تایبەت دانێن بەتایبەت بۆ ژنان بۆ ئەوەی بتوانین فێریان بکەین و بە ئامرەزاکانی زیرەکی دەستکرد ئاشنا بن و بتوانن لەو رێگەیەوە سەرچاوەی داهات بۆ خۆیان دروست بکەن.

 

وتیشی: خۆشبەختانە هەندێک پەیمانگە دەستی کردووە بە کردنەوەی خول و ناسانندسی زانیارییەکان بەڵام ئەوەی من هەستم پێکردووە هەتا رادەیەک بەشداریکردنی  گەنجان و ژنان بەتایبەت سنوردار بوون و زیاتر ئەوانە بەشداریان کردووە کە خوێندکاری بەشی ئایتین، یاخود وەک حەز و  هیوایەتێک بۆ ئەوەی فێر ببن ئەوەی لای من گرنگە بۆ ئەم بابەتە دەبێت لە خێزانەوە دەست پێ بکەین، ئەگەر من لە تاکەکانی خێزان و لە خوێندنگەکانەوە دەستمان کرد بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ئەوا دەتوانین بناغەیەکی زۆر پتەو دروست بکەین بۆ مرۆڤایەتی بێ جیاوازی ژنان و پیاوان، من بەرکەوتەیەکی زۆرتم هەبووە بەتایبەت بۆ قوتابخانەکان و سەردانی زۆرم کردووە بۆ هەموو ئاستەکانی بنەرەتی و ناوەندی ئەوەی کە من بۆم دەرکەوتووە لەم گەشتانەدا تا ئێستا بەشێک لە مامۆستاکان ئەو زانیارییەیان نییە سەبارەت بە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد کە ئەمە ددەبێتە کێشە کە چۆن مامەڵە  لەگەڵ خوێندارەکانیاندا بکەن بەتایبەت خوێندکارە کچەکان، ئەگەر ئێمە سیمینار و خوڵ بۆ ئەو مامۆستایانە بکەینەوە، فێریان بکەین کە چۆن ئامڕازەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ پیشەکانیان بەکاربهێنن و  لە هەمانکاتدا هۆشیاری بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد فێر ببن و بزانن ئەگەر زیرەکی دەستکرد بە هۆکاری خراپ بەکاربهێنن دەبێتە سەرچاوەی جەندین  کێشە لە کۆمەڵگەدا.

 

"زیاد لە ٢٠٠ سیمینارو پانێڵم پێشکەش کردووە لەسەر تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد"

نەهلە محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا وتی، بێگومان  ئێستا تەکنەلۆژیا و بەتایبەت بابەتی زیرەکی ددەستکرد خۆی کردۆتە ناو هەموو پیشەیەکەوە و دەبێت ئێمەش لەگەڵ ئەم شۆرشەدا برۆین و  سودی لێوەربگرین و ئەوەی کە لای من زۆر گرنگە وەک ژنێک کە دەستم پێکردووە زیاد لە ٢٠٠ سیمینار و پانێڵ کە پیشکەشم کردووە لەسەر تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد، بەردەوام جەخت لە کۆمەڵێک خاڵ دەکەمەوەو یەکێک لە خالەکان کە زۆر لام گرنگە ، ئەو پەیامەی کە بیگەیێنم ئەوەیە کە فێربوونی تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد پەیوەندیدار نییە بە تەمەنەوەو تەمەن ناتوانێت ببێتە ڕێگر بۆ ئەوەی بابەتی نوێ فێر ببم و خاڵی دووەم وەک ژنێک دەتوانم زۆر بە ئاسانی بەکاری بێنم و سودی لێ وەربگرم و تەکنەلۆژیا تەنها بۆ خزمەتی پیاوان نییە بەڵکو بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییە بێ جیاوازی، خاڵی سێیەمنا کە زۆر لام گرنگە پسپۆرییە من پسپۆپرییەکام نە ئایتییە نە کۆمپیتەرە بەڵام ئەگەر سەرژمێرییەک بکەیت سەبارەت بە ئەوانەی کە بەشی ئایتیان تەواو کردووە و لەگەڵ  مندا کە پسپۆری دیکەم هەیە، من جەندین سیمینار و پانێڵم تایبەت بە زیرەکی دەستکر بەڕێوە بردووە، کارکردنی ژنان لە باشووری کوردستاندا لە بواری تەکنیک و ئایتیدا دەکەوێتە سەر دوو لایەن یەکەم کۆمپانیا و دووەم لایەنی شارەزای و لێهاتووی ژنان خۆیان، ئێمە ئێستا زۆر کۆمپانیامان هەیە کە راستەوخۆ پەیوەستە بە بواری تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکردەوە و ژنان ڕۆڵێکی باڵایان هەیە تێیدا.

 

"هۆشیاری ژنان بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە گرنگە"

لە کۆتایی قسەکانیدا  پرۆفیسیۆر نەهلە محەمەد وتی: یەکێک لەو پەیامانەی دەمەوێت بیگەیەنم بە لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت وەزارەتی ڕؤشنبیری و وەزارەتی خوێندنی باڵا، زیرەکی دەستکرد بابەتێکی سەردەمیانەیە و دەبێت لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا بڕۆین و پێویستە ئێمە نەوەیەک دروست بکەین کە زانیاری تەواویان هەبێت لەسەر ئایتی و زیرەکی دەستکرد، چونکە ئێمە لە رێگەی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردەوە دەتوانین پەرە بە ئیشەکانمان بدەین و ئیشی نوێ بدۆزینەوەو یارمەتی گەنجەکانمان بدەین کە چۆن خۆیان بەرەو پیش بەرن، پەیامم بەتایبەت بۆ ژنان ئەوەیە یەکەم خاڵ کە زۆر لام گرنگە نەترسن جونکە کاتێک ژنێک ترسا ناتوانێت هیچ بکات و من بەرکەوتەم زۆرە لەگەڵ ژناندا و ژنی بەتوانای زۆرمان هەیە و لە بەرامبەردا هەندێک لە ژنانی ئێمە لە پشتی پەردەوەن و رێگری ئەوەیان لێدەرکێت کە تواناکانی خۆیان دەربخەبن، من پێیان دەلێم بوونی ئێوەو هۆشیاری ئیوە زۆر گرنگە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە.