پێنج زیندانیی سیاسی وەک پشتیوانییەک دەستیان بە مانگرتن کرد

وەک پشتیوانییەک بۆ خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەكاتی کوردستان و ئێران وریشە مورادی و زەینەب جەلالیان و سێ زیندانیی سیاسیی دیکە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە و سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازاییەکان، بەڵام خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرەی سەندووە و تا ئێستا بەردەوامە و دوو هەزار و ٢١٧ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و ٣٤ خۆپیشاندەر کوژراون، کە لەو ژمارەیە پێنج کەسیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیدان.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە پشتیوانییکردنی زیندانییانی سیاسیی بۆ خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج زیندانیی سیاسیی لە زیندانەکانی یەزد و ئەوین وەک پشتیوانییەک لە خۆپیشاندەرەکانی گەلانی ئێران دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ناوی پێنج زیندانییە سیاسییەکان بریتین لە، وریشە مورادی، زەینەب جەلالیان، ساکینە پەروانە، پەریسا کەمالی، موتەلیب ئەحمەدیان.

 

ئەوەش لەکاتیکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حەوت حزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازێکی هاوبەشیان بۆ مانگرتنێکی گشتیی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵات و ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێم لە کرماشان و ئیلام و لوڕستان.