پلاتفۆرمی ژنانی کورد ئیدانەی هێرشەکەی سەر پێشمەرگەی کرد

پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد، ئیدانەی هێرشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا یەکگرتوویی نەتەوەیی لە هەموو کاتێک گرنگترە، پێویستە حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی دوێنێ، ڕژێمی ئێران دوو جار بە چڕیی بۆردوومانی بارەگایەکی پێشمەرگەکانی هێزی ٨٠ـی لە سنووری خەلیفانی سەر بە پارێزگای هەولێر کرد، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و ٣٠ـی دیکەش برینداربوون.

 

 لەوبارەیەوە پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد، هاوخەمییان دەربڕی بۆ کەسوکاری پێشمەرگە شەهید و بریندارەکان و ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد بەمجۆرەیە:-

پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد: ئەم ئازارە ئازاری هەموومانە

هێرشەکانی ئێران و تاقمە گرێدراوەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی فەرماندەیی فەوجی ٧ی هێزی ٨٠ی پێشمەرگەیان کردە ئامان،  بەپێی زانیارییەکان هێرشەکە لە سنووری خەلیفان، لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی سۆران بووە، بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو هێرشەدا شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و ٤٥ پێشمەرگەش برینداربوون، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

وەک پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد لە چوار بەشی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین، بە دڵە خەمگینەکانمان یادی شەهیدبوونی پێشمەرگەمان لە باشووری کوردستان دەکەینەو،  قوربانیدانیان و تێکۆشانیان بۆ ئازادی گەلی کورد هەمیشە لە یادەوەری و دڵماندا دەژی.

 

هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە و ئارامی بۆ کەسوکاری شەهیدان و هەموو خەڵکی کوردستان دەخوازین، هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە و ئارامی بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازین، ئەە خەم و ئازاری هەموومانە، ئێمە وەک ژنانی کورد جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆمان بۆ پاراستنی ژیان و ئازادی و ئایندەیەکی پڕ شکۆ دووپات دەکەینەوە.

 

ئێمە وەک گەلی کورد لایەنی ئەم شەڕە نین، بەڵام بەداخەوە گەلەکەمان و وڵاتەکەمان لە سەرەتای شەڕەوە کەوتووەتە بەر هێرش، بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین شەڕ و هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتەکەمان ڕابگر،  ئێمە مافی خۆمانە وەڵام بدەینەوە و گەلی کورد بەرگری لە خۆی دەکات، جگە لەوەش پێویستە حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو هێرشانە بگرێتەبەر و خەڵکی ناوچەکە بپارێزێت.

 

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا یەکگرتوویی نەتەوەیی لە هەموو کاتێک گرنگترە، لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و دەستەبەرکردنی داهاتوومان، پێویستە هەڵوێستێکی هاوبەش و بەهێزمان هەبێت، بە یەکڕیزی و هاوکاری و ئیرادەیەکی بەهێز بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.

سەری خۆمان بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدەکانمان دادەنوێنین و بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە خەباتیان گەورەتر بکەین.

پلاتفۆرمی یەکێتی نیشتمانی ژنانی کورد